توێژینەوەیەک: هەندێک کەس بە "قوڕبەسەری" لە دایکدەبن

توێژینەوەیەک باس لە کاریگەری جینات لەسەر بەختەوەری مرۆڤ دەکات

K24- هەولێر:

وادیارە هەندێک کەس لەگەڵ لەدایکبوونیان، دڵخۆشی زیاتر چاوەڕێیان دەکات لەوانەی دیکە، ئەمەش بۆ جیاوازی جینات و چەند هۆکاریکی دیکە دەگەڕێتەوە.

سوسان زین، پسپۆڕی دەرووناسی لە شاری سانتا مۆنیکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، توێژینەوەیەکی وردی ئەنجام داوە و چەند راستییەکی لەبارەی دڵخۆشی مرۆڤ ئاشکرا کردووە.

سوسان بەمجۆرە باس لە توێژینەوەکەی دەکات:

دەبێت ئەوە بڵێم کە لە 40%ـی توانای دڵخۆشبوونمان لە جینەکانمان (بۆهێڵەکان) دەست دەکەوێت، بەڵام ئەگەر جینەکانت هاوکارت نین کە دڵخۆش بی، ئەوا دەبێت کار لە 60%ـەکەی دیکە بکەی کە پەیوەندیان بە ژینگە و شێوازی ژیانەوە هەیە.

سوسان دەڵێت، ئەگەر جیناتەکانت دژی دڵخۆشیتن، ئەوا ئەم هۆکارانە کاریگەریانە ئەگەر دەتوانیت بیگۆڕیت:

ئاسوودەیی و قەناعەت بە ژیان، ئەمە پەیوەندی بە هەست و سۆزتەوە هەیە لە رابردوو، ئێستا و داهاتوو. ئەوەی زۆر گرنگە رابردووتە کە کاریگەری لەسەر مێشک و دەروونت دادەنێت، بۆ نموونە ئەگەر بە زەبرێکی دەروونی گەورە تێپەڕببی، ئەوا کاریگەری لەسەر خۆشبەختی داهاتووت دەبێت.

هەستکردن بەوەی بەشێکیت لە  کار و پەیوەندییەکانی ژیانی رۆژانەت

لە کار، ئارەزووەکان، پەیوەندی خۆشەویستی و شتەکانی ژیان، زۆر گرنگە هەست بە پێگە و بەرەوپێشچوونی خۆت بکەی، چونکە ئەمە ئاسوودەیی بەردەوامت پێ دەبەخشێت.

واتای ژیان لای تۆ:

زۆر گرنگە بزانی واتای ژیان لای تۆ چییە، لە گرنگی ئامانج و کەسانی دەوروبەرت تێبەگەی، ئەمە بەشێکی گرنگی دڵخۆشیی مرۆڤە.

رۆڵی جین چییە؟

دەکرێت لە رێگای جینەکان، گەشبینی، بڕوابەخۆبوون و دڵخۆشیمان بۆ بێت، کەواتە ئەوە راستە هەندێک کەس لە سەرەتاوە بەختەوەرترن

لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2011 دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی فۆرمێکی جینی 5-HTTLPR ـیان هەیە ئاسوودەتر بوون لە ژیان.

هەروەها توێژینەوەیەکی دیکە لە ساڵی 2016 ئەنجامدراوە، تیایدا 30 هەزار کەس پشکنینی DNA بۆ کراوە، ئەوە ئاشکرا کراوە، هەندێک جین کاریگەری لەسەر ئاسوودەیی و دڵخۆشی کەسەکە لە ژیان دروست دەکەن.

کەواتە قسەیەکی باو هەیە دەڵێت، هەندێک کەس بە ئازاراوە لە دایکبوون، بۆیە بە ئاسانی دڵخۆش نابن، رەنگە لەرووی زانستیش ئەم قسەیە راست بێت.

سوسان داوا لەو کەسانە دەکات کە هەست دەکەن ئاسوودە نین، ئەو کارانە بکەن کە دڵیان خۆش دەکات، وەرزش بکەن، خواردنی تەندروست بخۆن، بچنە ناو سرووشت و لەگەڵ کەسانی دیکەدا میهرەبان بن.

Insider