ئالان حەمەسەعید: بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن ئاسانکاری بۆ کەرتی پەروەردەی ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت

لە کاتی سەردانیکردنی بۆ پارێزگای کەرکووک، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، هەموو ئاسانکارییەک بۆ قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردووە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەرەوەردە ئەوانەی لە 11ـی مانگ دەنگ دەدەن و خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە هەرێمن و دەیانەوێت بەشداری دەنگدان بکەن، بۆ ڕۆژی 12ـی مانگ کە دەوامی فەرمی دەکرێتەوە، هیچ کەسێک بە نەهاتوو هەژمار ناکرێت.

وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر پێویست بکات بە نووسراوی فەرمی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ئاگادار دەکەنەوە. هەروەها جەختی کردەوە هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ تەواوی قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە کردووە لەو شوێنانە.

11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment