نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکییەکانی خۆی لە سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان هەڵپەسارد
نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکییەکانی خۆی لە سنووری نێوان ئەفغانستان و ئێران ڕاگرت، بەهۆی سەپاندنی سنوورداریی نوێ بەسەر کارمەندانی ئافرەت لە لایەن حکوومەتی تاڵیبانەوە.
ئێندریکا ڕاتواتە، ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، وردەکاریی ئەم سنووردارکردنە نوێیەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام هۆشداریدا کە ئەم بابەتە ئاڵنگاری کردەیی خێرا دەخوڵقێنێت و مەترسی زیاتر ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەکات کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان بە تایبەت ئافرەتان وکچان.
ڕاتواتە گوتیشی: نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە مرۆییەکانی دیکەی هاوکارییان ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2025، دوای سەپاندنی ئەو سنووردارییانە کە ڕێگری لە کارکردنی کارمەندانی ئافرەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی دەکات، کارەکانی خۆی لە دەروازەی سنووری قەڵای ئیسلام کە دەروازەی سەرەکی گەڕانەوەی ئەفغانییە دەرکراوەکانە لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان، خستە باری هەڵپەساردن.
ڕاشیگەیاند: زیاتر لە 60%ـی ئەو کەسانەی لەو دەروازەوە دەگەڕێنەوە ئافرەت و منداڵانن، بۆیە ئەوان ناتوانن بەبێ کارکردنی ئافرەتان، خزمەتگوزاریی شایستە لە چوارچێوەیەکی شکۆمەندانەدا پێشکەش بکەن.
حکوومەتی تاڵیبان لە ساڵی 2022 زایینی دامەزراندنی ئافرەتانی ئەفغانی لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان قەدەغە کرد و ساڵی دواتریش کارکردنی ژنانی ئەفغانی لە ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغە کرد، بۆیە گشت کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاووڵاتی ئەفغانین ناچار بوون لە ماڵەوە بە شیوەی ئۆنلاین کار بکەن، هەرچەندە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان هێشتا مافی ئەوەیان هەیە لە دەرەوەی نووسینگەکان کار بە ئافرەتانی ئەفغانی بکەن.
بەپێی ڕاگەیاندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستا زیاتر لە 1.2 ملیۆن ئەفغانی لە ڕێگەی ئەم دەروازە سنوورییەوە لە ئێرانەوە چوونەتە ناو ئەفغانستان و زۆرینەشیان بە شێوەی زۆرەملێ دەرکراون.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یوناما)، هۆشداری دا کە زۆرێک لە گەڕاوەکان، بە تایبەتی ئافرەتان، لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تاڵیباندا ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی، هەژاری و کەمی خزمەتگوزاری سەرەتاییەکان دەبنەوە.
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد ڕێکاری خێرا بگرنە بەر، چونکە ئەفغانستان ناتوانێت بە تەنیا بەرگەی ئەم بارودۆخە دڵتەزێنە بگرێت.
