سەرەڕای دژایەتیی ترەمپ؛ موسڵمانێک بووە سەرۆکی شارەوانیی "دڵی دارایی" ئەمەریکا

زۆهران مامدانی، سیاسەتمەداری تەمەن 34 ساڵ (وێنە: AFP)
زۆهران مامدانی، سیاسەتمەداری تەمەن 34 ساڵ (وێنە: AFP)

زۆهران مامدانی، سیاسەتمەداری تەمەن 34 ساڵ و ئەندامی پارتی دیموکراتەکانی ئەمەریکا، سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، گەورەترین ویلایەتی ئەمەریکا لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان و ناوەندی دارایی وڵاتەکە. 

ئەم سەرکەوتنە سەرەڕای دژایەتیی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بوو کە پێش کۆتایی پرۆسەی دەنگدان هەڕەشەی کەمکردنەوەی بودجەی فیدراڵی نیویۆرکی کردبوو لە ئەگەری سەرکەوتنی مامدانی.

مامدانی، کە لە بنەماڵەیەکی موسڵمانی شیعە لە ئۆگاندا لەدایکبووە و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو نیویۆرک کۆچیان کردووە، چەندین پلەی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار دەکات. ئەو دەبێتە گەنجترین سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا و هەروەها یەکەم موسڵمانە کە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی دڵی دارایی ئەمەریکا وەردەگرێت.

هەرچەندە دایکی و هاوسەرەکەی باڵاپۆش نین و خودی مامدانیش پشتیوانێکی سەرسەختی هاوڕەگەزخوازەکان و هاوشێوەکانی ئەو ڕەوتەن، بەڵام ئەم گەنجە موسڵمانە شیعەیە دەڵێت، لە سیاسەت و خەبات بۆ دادپەروەری ئابووری لە ئەمەریکادا، ئیلهام لە ئیمام حوسێن و عاشوورا وەردەگرێت.

لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا، مامدانی بە توندی جەختی لەسەر دروشمە سۆسیالیستییەکان کردەوە. ئەمانە بریتی بوون لە دابینکردنی پاسی خۆڕایی، سنووردارکردنی بەرزی کرێی نیشتەجێبوون بۆ دانیشتووانی نزیکەی دوو ملیۆن شوققە لە نیویۆرک، و دابینکردنی باخچەی ساوایانی بێ بەرامبەر بۆ گشت خێزانێکی نیویۆرک.

 ئەم دروشمانە بوونە هۆی ئەوەی تەنانەت کۆماریخوازەکان نازناوی "کۆمۆنیست و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی"ی لێ بنێن.

ڕۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، ملیۆنان هاووڵاتی ئەمەریکی بەشدارییان لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ویلایەتە جیاوازەکانی وڵاتەکە کرد. 

ئەمە یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردن بوو بۆ دۆناڵد ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیەکەیدا. جگە لە نیویۆرک، کە گرنگترین خاڵی ئەم هەڵبژاردنانە بوو، لە ویلایەتەکانی نیوجێرسی و ڤێرجینیاشدا، دوو ئافرەتی دیموکراتی دیکە توانییان سەرکەوتن بەسەر کۆمارییەکان تۆمار بکەن و دەسەڵاتی حکوومەتی خۆجێی بگرنە دەست.

 
 
Fly Erbil Advertisment