وەزیری بەرگری ئیسرائیل: تاوەکوو حەماس چەک دانەنێت، ئێمە ناوەستین
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو حەماس چەک دانەنێت و بە تەواوی لە کەرتی غەززە نەچێتە دەرەوە، ناوەستین، سیاسەتی ئیسرائیلیش ڕوون و ئاشکرایە کە دەمانەوێت چی بکەین و ئامانجمان چیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، سیاسەتی ئیسرائیل و ڕوون و ئاشکرایە لە بارەی داهاتووی کەرتی غەززە، ئامانجمان، کۆتایی هێنانە بە چەکدارانی حەماس، تەقاندنەوەی تونێلەکان، هەروەها چەسپاندن و جیگیربوونە لە هێڵی زەرد و گەڕانەوەی سەرجەم بارمتەکان و داماڵینی کەرتی غەززەیە لە چەک.
قسەکانی کاتز لە دوای ئەوەدێت، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ تەرمی یەکێک لە بارمتەکانی کە تەمەنی 19 ساڵە بە ناوی "ئایتان تیشین" وەرگرتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل ئامادەیە ڕێککەوتنی لەگەڵ حەماس جێبەجێ بکات، بەڵام دەبێت حەماس هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی گشت تەرمی بارمتەکان، بۆ ئەوەی خانەوادەکانیان بە شکۆمەندیەوە بە خاکیان بسپێرن.
مانگی ڕابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین خستەڕوو، ئەویش چەکداماڵینی حەماس، گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی سوپای ئیسرائیل.
ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت، مەرجی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی لەخۆگرتبووە، هەنگاوی یەکەمی جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕوفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.
