مەسرور بارزانی: بەهۆی پرۆژەکانمان گۆڕانکارییەکی جۆریی لە ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییانمان دێتەوە ئاراوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی ڕێڕەوی ژیان دەربڕی و گوتی: بەهۆی ئەم پڕۆژانەوە، دوای ماوەیەکی کەم، گۆڕانکارییەکی جۆریی لە ژیان، ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییانمان دێتە ئاراوە.

چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، نووسیویەتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ، بەردی بناغەی پرۆژەی (ڕێڕەوی ژیان)ــمان لە شاری هەولێر دانا، کە کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر گەشەی زیاتری پایتەخت دەبێت، بە تایبەت لە ڕووی گەشتیارییەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەم پڕۆژانەوە، دوای ماوەیەکی کەم، گۆڕانکارییەکی جۆریی لە ژیان، ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییانمان دێتە ئاراوە.

تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە بە ژمارە:

ڕووبەر: کۆی ڕووبەری تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە 101,600 مەتر دووجایە.

پێکهاتەی ئاو: پڕۆژەکە لە 3 دەریاچە پێکدێت و بە 2 ڕێڕەوی ئاوی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسوڕێتەوە.

پانیی ڕێڕەوی پڕۆژەکە لەنێوان 15 بۆ 25 مەتردایە، هەروەها  قووڵیی ڕێڕەوەکە 5 مەتر دەبێت.

دیزاین: پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان" ل ەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆیی و ڕاوێژکارانی ئیتاڵییەوە دیزاین کراوە. 

شوێن: پڕۆژەکە لە گەڕەکی شاوەیس و سێبەردان دەست پێدەکات و تا ڕێگای سەرەکیی کەرکووک و دواتر ڕێگای مەخموور درێژ دەبێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment