پۆکرۆڤسک.. دوا قەڵای بەرگریی ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنێتسک
وا دەردەکەوێت هێزەکانی مۆسکۆ لە کۆنترۆڵکردنی شاری ستراتیجیی پۆکرۆڤسک نزیکتر دەبنەوە، لە کاتێکدا شەڕی شەقامەکان لەو شارە گرنگەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوامە، کە ئێستا بەشێکی زۆری وێران بووە.
چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەم 2025، ڕۆژنامەی 'گاردیان' ڕاپۆرتێکی لەبارەی بارودۆخی سەربازیی شاری پۆکرۆڤسک، لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای ئۆکرانیا ئەو بانگەشانەی ڕووسیای ڕەت کردەوە کە گوایە هێزەکانیان گەمارۆ دراون و ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی بەرەکانی دەوروبەری پۆکرۆڤسک و شارۆچکەی میرنۆهراد بەردەوامن."
هەردوولا، گێڕانەوەی ناکۆکیان لەسەر شەڕەکانی دەوروبەری پۆکرۆڤسک بڵاو کردۆتەوە، بەڵام شیکەرەوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژانی ڕابردوودا هۆشدارییان داوە لە تێکچوونێکی خێرای دۆخەکە؛ نەخشەکانی بەرەکانی جەنگ ئەوە نیشان دەدەن کە هێزەکانی ڕووسیا تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە گەمارۆدانی هێزە ئۆکراینییەکانی ناو شارەکە دوورن.
هێزەکانی ڕووسیا زیاتر لە ساڵێکە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی پۆکرۆڤسک دەدەن، کە شارێکی سەرەکی بەرەی جەنگ و ناوەندێکی لۆجستیکیی گرنگە و وەک دەروازەی هەرێمی دۆنێتسک سەیر دەکرێت. چونکە دەکەوێتە سەر ڕێگەیەکی گرنگی نێوان بنکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا کە دوا هێڵی بەرگریی سەرەکی ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنێتسک پێک دەهێنن.
شەڕێکی نابەرانبەر
کۆنترۆڵکردنی ئەم شارە بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ مۆسکۆ لەقەڵەم دەدرێت و هێزەکانی ڕووسیا لە ئامانجە دێرینەکەیان، کە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی هەرێمەکەیە، نزیکتر دەکاتەوە.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا، هێزەکانی ڕووسیا هێرشەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو چڕ کردووەتەوە، سەرەتا پشتیان بە گروپی هێرشبەری بچووکی پیادە بەستبوو، پێش ئەوەی وردە وردە هێزی پێویست کۆ بکەنەوە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوانتر بۆ سەر شارەکە.
ئارتێم کاریاکین، سەربازێکی ئۆکرانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "سەربازانی ڕووسیا لە هەموو گەڕەکێکی شارەکەدا هەن؛ هیچ هەواڵێکی خۆش لەوێوە نییە.. دۆخەکە ئاڵۆزە. هەرچەند هێشتا هێزەکانی ڕووسیا بە تەواوی کۆنترۆڵی شارەکەیان نەکردووە و شەڕ بە توندی بەردەوامە."
لەکۆتایی هەفتەدا، ئۆکرانیا هێزی تایبەتیی ڕەوانەی پۆکرۆڤسک کرد، لە هەوڵێکدا بۆ گۆڕینی دۆخی شەڕەکە و ڕێگری لە ئەگەری گەمارۆدانی تەواوەتی شارەکە لە لایەن هێزەکانی ڕووسیاوە. ئۆکرانیا، دەیەوێ بە شەڕی دەستەویەخەی شەقامەکان و بەکارهێنای درۆن بۆ لێدانی پێگە و سەربازانی ڕووسیا، ڕێڕەوی شەڕەکە بە سوودی خۆی بگۆڕێت.
شەڕێکی دۆڕاو
هەندێک لە شرۆڤەکارانی ئۆکراینی و ڕۆژئاوایی گومانیان لە بڕیاری کیێڤ کردووە بۆ بەردەوامیی لە بەرگریکردن لە پۆکرۆڤسک و دەڵێن "ئەم بڕیارە، سەربازە ئۆکرانییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە چونکە تووشی شەڕێک کراون کە وادیارە هەر لە سەرەتاوە دۆڕابێت!"
ئیمیل کاستێهێلمی، چاودێرێکی سەربازیی سەر بە گرووپی بلاک بێرد، کە بنکەکەی لە فینلاندە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "ئۆکرانیا ڕەنگە هەڵەیەکی گەورە لە پۆکرۆڤسک دووبارە بکاتەوە، چونکە بارودۆخی جوگرافی و هێزی سەربازیی سوپای ئۆکرانیا توانای بەرگریی درێژخایەنی لەو شارەدا نییە."
بە گشتی، شرۆڤەکارانی سەربازی، لایانوایە "سوپای ئۆکرانیا لە شەڕێکی سەختی نابەرانبەردایە، کەمیی سەرباز و بۆردومانی بەردەوامی درۆنەکانی ڕووسیا بۆ سەر هێڵەکانی بەرگری و ڕێگریی لە گەیشتنی چەک و پێداویستیی سەربازیی، سەربازانی ئۆکرانی یەکجار ماندوو کردووە."
لە بەرانبەردا هێزەکانی ڕووسیا، چەکی نوێ و بەهێزیان لەبەردەستدایە و هێزی ئاسمانیی ڕووسیا لە بۆمبارانکردنی شار و ناوچە سڤیلنشینەکانی ئۆکرانیا دەست ناپارێزت و ئەمەش فشارێکی زیاتری خستۆتە سەر بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا.
ڕاگیرانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان
لە ئەگەری کەوتنی پۆکرۆڤسک، لەوانەیە ڕووسیا هەڵمەتیکی نوێ بەرە و شارەکانی کراماتۆرسک و سلۆڤیانسک، دوو گەورەشاری هەرێمی دۆنێتسک، دەست پێ بکات. هەرچەند هێرشەکانی ڕووسیا خاو و لەسەرخۆ بەڕێوە دەچن، ئەمەش گومانی لە بارەی توانا و ورەی سەربازانی ڕووسیا دروست کردووە؛ کە ئایا دەتوانن لە هێرشەکانیان بەردەوام بن یان لە پۆکرۆڤسک دەوەستن و چیتر پێشڕەوی ناکەن. دیارە ئۆکرانیاش هیوادارە بەو جۆرە بێت.
خراپتربوونی دۆخەکە لە ڕۆژهەڵات هاوکاتە لەگەڵ وەستانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا لەسەر جەنگی ئۆکرانیا. دۆناڵد ترەمپ هەفتەی ڕابردوو لە کۆریای باشوور بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هەندێک جار دەبێت وازیان لێ بهێنیت شەڕی خۆیان بکەن."
مانگی پێشوو، ئیدارەی ترەمپ، سزای توندی بەسەر دوو گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ڕووسیادا سەپاند، ڕێوشوێنێک کە وا دەردەکەوێت زیانی بە داهاتی وزەی وڵاتەکە گەیاندبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، سەرۆکی ئەمەریکا هێشتا ڕەزامەندی لەسەر پێدانی چەکی ستراتیجیی دوورمەودا وەک مووشەکی تۆماهۆک، بە ئۆکرانیا نەداوە.
