ژمارەیەک ڕێکخراوی نوێی ئەدەبیات و زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کران
ژمارەیەک ڕێکخراوی نوێی ئەدەبیات و زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کران؛ سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیوادارە ئەو ڕێکخراوانە شانبەشانی حکوومەت هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ خزمەتکردنی گەل و گرنگیدان بە فەرهەنگ و ئەدەبیات و زمانی کوردی.
چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە هۆڵی کوردستان لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بەڕێوەچوو، تێیدا بڕوانامەی تۆمارکردن بەخشرایە ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکوومی نوێی ئەدەبیات و زمانی کوردی.
زۆربەی ئەم ڕێکخراوانە لە بوارەکانی ئەدەبیات و ئەرشیفی کوردی و زمانی کوردی هەروەها بواری ژینگە و کاری مرۆیی و چەندین بواری دیکەدا کار دەکەن، بڕیاریان داوە بە شێوەیەکی خۆبەخشی و قازانج نەویستانە خزمەتی گەل و هەرێمی کوردستان بکەن.
لەم ڕێوڕەسمەدا، ڕێکخراوەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕێکخستنی ئەم مەراسیمە و ڕێزگرتن لە کاری مەدەنی و خۆبەخشی لە هەرێمدا ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها، سوپاسی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو کارئاسانی و خزمەتگوزارییەی کە لە سەرەتاوە تا قۆناغی کۆتایی وەرگرتنی بڕوانامەی تۆمارکردن پێشکەشیان کرابوو.
لەلایەن خۆیەوە، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا پیرۆزبایی لە ڕێکخراوە تازە تۆمارکراوەکان کرد و هیوای خواست کە شانبەشانی حکوومەت هاوکار و هەماهەنگ و پاڵپشت بن بۆ خزمەتکردنی گەل و پێشخستنی وڵاتەکەمان و گرنگیدان بە فەرهەنگ و ئەدەبیات و زمانی کوردی.
