وەزارەتی دارایی: سبەی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، سبەی پێنجشەممە، مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی پێنج شەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت، هەموو ئەو پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەدارانە دەگرێتەوە،  لەدوای 1ـی کانوونی دووەمی 2025، خانەنشین بوونە و تاوەکوو ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە داوە، وەزیری دارایی و ئابووری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و گەنجینەکان و بانکەکانی ڕاسپارد سبەی سەرجەم ڕێکارەکان تەواو بکەن و مووچەیەکیان بۆ خەرج بکرێت.

هەروەها باس لەوە کراوە، بەڕێوبەرایەتیی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردران بە زووترین کات دۆسیەی سەرجەم ئەو پێشمەرگەو ئەفسەرو پلەدارانە تەواو بکەن بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.

ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی لە کاتێدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی کرد بە زووترین کات مووچەی سەرجەم ئەفسەر و پلەدارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بکرێت، لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی 2025، خانەنشین بوونە و تاوەکوو ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.

 
Fly Erbil Advertisment