"میلانیا چاوەڕێیە ترەمپ کۆشکی سپی جێبهێڵێت تاوەکو لێی جیاببێتەوە"

"دەقە دەژمێرێت"

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا لەبەرامبەر جۆو بایدن شکستی هێنا، بەڵام ئایا هاوسەرگیرییەکەشی کۆتایی دێت؟

میلانیا ترەمپ، هاوسەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا گوتەیەکی بەنێوبانگی هەیە، کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2016 بووە سەرۆکی ئەمەریکا. ئەو، گوتی دەستی بە گریان کردووە و "هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە بیباتەوە".

خانمی یەکەمی ئەمەریکا لەدوای ئەوەی ترەمپ بووە سەرۆکی وڵات، پێنج مانگ چاوەڕێی کرد تاوەکو لە نیویۆرکەوە باریکرد بۆ واشنتن بۆ ئەوەی لە کۆشکی سپی نیشتەجێبێت، بیانووشی ئەوەبوو "دەبێت بارۆنی کوڕم خوێندن تەواو بکات".

ماڵپەڕی دەیلی مەیڵی بەریتانی هەواڵێکی لەبارەی بێزاریی میلانیا لە ژیانی هاوژینی لەگەڵ ترەمپ بڵاوکردووەتەوە، ستێفانی وۆکئۆف، یاریدەدەری پێشووی میلانیا ترەمپ لە هەواڵەکەدا گوتوویەتی "میلانیا ئەوکاتە خەریکی کاری یاسایی بووە تاوەکو بارۆنی کوڕی بەشێکی یەکسانی لە سامانی باوکی بەربکەوێت"، بۆیە ئەوەندە مانگە درەنگتر هاتە کۆشکی سپی.

وۆکئۆف دەڵێ، هەریەک لە ترەمپ و میلانیا ژووری جیاوازیان لە کۆشکی سپی هەبوو و هاوسەرگیرییەکەیان تەنیا لەسەر کاغەز بوو.

ئۆمارۆس مانیگۆڵت، یەکێکی دیکە لە یاریدەدەرانی پێشووی میلانیا دەڵێ، هاوسەرگیرییە 15 ساڵییەکەی ترەمپ و میلانیا کۆتایی هاتووە "میلانیا دەقە دەژمێرێت تاوەکو ترەمپ لە کۆشکی سپی دەربچێت، بۆ ئەوەی لێی جیاببێتەوە".

هەرچەندە چەندین جار ساردی و ناکۆکیی نێوان ترەمپی تەمەن 74 ساڵ و میلانیای تەمەن 50 ساڵ لە چاوی کامێراکان هەستیپێکراوە، بەڵام ترەمپ جەخت دەکاتەوە لەوەی نێوانیان باشە، و "هەرگیز شەڕیش ناکەین".

ترەمپ بەپێی یاسا لەگەڵ مارلا مەیپڵس، هاوسەری پێشووی رێککەوتووە، کە هیچ جۆرە کتێبێکی لەبارەیەوە بڵاونەکاتەوە و لە چاوپێکەوتنەکان بە زیانی ئەو باسی نەکات. کریستینا پریڤایت، پارێزەرەوە و بە دەیلی مەیڵی گوتووە، "رەنگە میلانیا هەمان رێککەوتنی لەگەڵ ترەمپ کردبێت و بێدەنگ بێت".

Fly Erbil Advertisment