ترەمپ: سزای زۆر توند بەسەر ئێراندا سەپێنراوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد، ئێران داوای لابردنی سزاکانی ئەمەریکای کردووە و ئەویش ڕایگەیاندووە دەرگای گفتوگۆ بۆ داواکارییەکەی ئەو وڵاتە ئاوەڵایە.
ترەمپ گوتیشی: "ڕاشکاوانە، ئێران پرسیاری لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکان کردووە."
ئاماژەی بەوەشکرد: "سزای زۆر توندی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، ئەمەش کارەکانی بۆ ئەوان قورس کردووە."
سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە: "من کراوەم بۆ بیستنی ئەو بابەتە. دەبینین چی ڕوودەدات، بەڵام من کراوە دەبم بەرامبەر بەو بابەتە."
لەلایەکی دیکەوە، ئەم ڕاگەیاندنەی ترەمپ لە کاتێکدایە، تاران لەم دواییانەدا چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەرگای دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا "بە تەواوی داخراوە".
سەبارەت بەم پرسە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشتر ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە خولەکانی پێشووی دانوستاندا لەگەڵ ئەمەریکا نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی کردەوە "ئەگەر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران بکات، وڵاتەکەی درێغی لە دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا ناکات."
لەلایەکی دیکەوە نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەداوەتەوە. بەڵام ڕۆژی دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا بە تەواوی واز لە پشتیوانی ئیسرائیل بهێنێت و سەربازەکانی لەم ناوچەیە بکشێننەوە و دەست لە دەستتێوەردان لەم ناوچەیە هەڵبگرن، ئەو کاتە دەکرێت بیر دەستپێکردنی هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەنەوە.
ئەو دوو وڵاتە پێش دەستپێکردنی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیران پێنج خولی دانوستانی ئەتۆمییان ئەنجامدا. دانوستانەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە، وەک بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، کە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت کەمیان بکەنەوە بۆ سفر بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی. تاران ئەم پلانە ڕەتدەکاتەوە.
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێران (سناپباک)یان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندیی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.
ڕۆژی 22ـی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت کە بریتی بوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندیی تەکنۆلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو".
