بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کەرنەڤاڵی گەورەی پارتی لە هەولێر دەستی پێکرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، هەردوو جێگرانی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، لەگەڵ سەدان هەزار لە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر، گەورەترین کەرنەڤاڵی پارتی بۆ پشتیوانی و سەرخستنی لە لیستی 275 دەستیپێکرد.
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ هەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025، زیاتر لە 50 هەزار لایەنگری پارتی کەرنەڤاڵەکەیان کردبێت کە تێیدا دروشمی"سەرکەوتن بۆ لیستی 275ـ دەڵێنەوە لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاڵای پارتی و وێنەی سەرۆک بارزانی، بە دەنگی بەرز دەڵێن"میژوو تۆمار دەکەین".
سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا گوتی: خۆشحاڵیم وەسف ناکرێت کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام و هەمووتان بەخێربێن سەرچاوان، ئامادەبوونی ئێوە بەم حەماسەوەتەوە، بەم مەعنەویاتە بەرزەوە، هەمیشە ئومێد بەخشە بۆ ئێمە.
گوتی: هەروەک ئاگادارن سێ چوار ڕۆژێکمان ماوە بۆ هەڵبژاردن، هەڵبژاردن ڕاستترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەلای ئێمەوە مەسەلەیەکی مەبدەئییە، هەڵبژاردنی ئەمجارەش، ئێمە دەزانین گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکاندا نایەت چونکە پێشوەختە کورسییەکان دابەش کراون، بەڵام بەشداربووین لەبەر دوو هۆی سەرەکی، یەکێکیان زۆر لە دۆستان و هاوخەباتان لەناو عەرەبەکانیش، دۆستەکانمان لە دەرەوەش هەموو داوایان کرد بەشداربین، هەروەها پەیامی زۆر ئەرێنمان لە دۆستانمان لە هاوخەباتمان لە بەغدا کە ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە، ڕاستە کورسییەکان ناگۆڕێت، بەڵام ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بگەڕێنینەوە سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی، کە ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆیە ئێمە بەشداربووین، لەگەڵ ئەم دۆستانە، لەگەڵ ئەو دۆستانە و هاوبیرانە کە وا بیر دەکەنەوە کە عێراق پێویستی بەوە هەیە چاکسازیی بنەڕەتی تێدا بکرێت، ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەست دەخەینە ناو دەست و هەموو هەوڵێک دەدەین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی دەڵێت: هۆکاری دووەم لە بەشداریی ئێمە لە هەڵبژاردنی عێراق، بۆ ئەوەی سەنگی پارتی نیشانی هەموو لایەک بدرێت، گوتی: من داواتان لێدەکەم، هەرچەند ئێوە پێویستتان بە ڕێنمایی کردن نییە، بەڵام دەنگ بدەن بە لیستی 275، بۆ ئەوەی وەڵامێک بێت بۆ هەمووان.
