سەرۆک بارزانی: ئێمە پابەندین بە دەستوور
لە کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانی لە لیستی 275 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە پابەندن بە دەستوور، چونکە کەس بەقەد ئێمە ماندوو نەبوو بەم دەستوورە.
هەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانی لە لیستی 275 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر گوتی: کاتی نووسینی دەستوورەکەش گوتمان کە دەستوورەکە بێ کەم و کوڕی نییە، بەڵام بەشی ئەوە ئیجابیتی تێدایە کە ئێمە پشتیوانیی دەکەین، ئەگەر جێبەجێ کرابووایە، زۆرێک لەو کێشانەی کە ڕوویاندا، ڕوویان نەدەدا.
سەرۆک بارزانی گوتی: ئەگەر ئەم سێ بنەمایە جێبەجێ کرابووایە و پابەندی بە دەستوور کرا، ئیتر لە زوڵمی مەرکەزییەتی چەوسێنەر ڕزگارمان دەبێت و تەواوی خەڵکی عێراق بە ئاسوودەی ژیان دەباتە سەر.
گوتی: چیتر کەس ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی بە مووچە و بودجەی هەرێم بکات، کە جگە لەوەی زوڵمێکی گەورەیە، ئیهانەیەکی گەورەش بوو بۆ خوێنی شەهیدانی ئێمە کە نابێت ئەمە دووبارە ببێتەوە.
سەرۆک بارزانی هەر لە گوتارەکەیدا، گوتی: گرنگە عێراق، بگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی دروستکردنەوەی عێراق نوێ لە دوای 2003، کە جێبەجێکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانە و دەستوور لەسەر داڕێژراوە.
هەروەها ئاماژەیدا، خەڵکی کوردستان لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و پەسەندکردنی دەستوور ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، هەربۆیە ئەگەر دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ بکرایە، هیچ کێشەیەک لە نێوان هەرێم و فیدراڵ ڕووی نەدەدا.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: ئەزموون سەلماندوویەتی حکوومی عێراق بە تەنیا بە یەک پێکهاتە ناکرێت، هەربۆیە ئەگەر سەقامگیری عێراقیان دەوێت، دەبێ بۆ بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بگەڕێنەوە.
ڕاشیگەیاند، بەڵێ لەگەڵ عێراقین، بەڵام عێراقێک کە هاوبەش بین نەک عێراقێک کۆمەڵێک مافیا داگیری بکەن و بیانەوێت حکوومی تێدا بکەن، لەگەڵ عێراقێکی فیدراڵ و دیموکرات و فرە نەتەوەیی و فرە حزبی و فرە پیكهاتە و ئایین داین، هەرگیز لەگەڵ عێراقێکی دیکتاتۆری نەبووین و ناشبین.
هەروەها پەیامێکی ئاراستەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکان کرد و گوتی: لە هەرێمی کوردستان هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکان دڵنیا دەکەینەوە کە بە دڵ و گیان دەیانپارێزین و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین.
