دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە هەولێر

سەرۆک بارزانی بۆ پارتییەکان: بە دەنگەکانتان وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە بە خەیاڵ دەژین

سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، بەشداریکردنمان لە هەڵبژاردن بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی سیاسیی عێراقە. جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرا ئیدی لە زووڵمی ناوەندگەرایی و چەوسێنەر، ڕزگارمان دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی، 7ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانیی لە لیستی 275 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر، گوتارێکی گرنگی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بەرنامەی داهاتووی حزبەکەی.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، کە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان لەسەر دوو هۆکاری سەرەکییە: یەکەمیان، لەسەر داوای دۆست و هاوپەیمانەکان بووە بۆ یارمەتیدان لە "ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی سیاسی لە عێراق" و گەڕاندنەوەی بۆ بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. هۆکاری دووەمیشی نیشاندانی سەنگی ڕاستەقینەی پارتییە بە هەموو لایەک.

گوتیشی: "دەنگدان بە لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامێک دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی کە بە خەیاڵ دەژین."

سەرۆک بارزانی هۆشداریی دا لە دوو هەڕەشەی گەورە لەسەر هەرێم و عێراق، ئەویش تیرۆر و ماددەی هۆشبەرە.

سەرۆک بارزانی گوتی: تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و لە زۆر شوێن خۆی ڕێکخستووەتەوە. لە بارەی ماددەی هۆشبەرەوەش، دەڵێت: ئەوە مەترسیدارترین شتە،کە بە بەرنامە کار بۆ "تەفروتووناکردنی خەڵکی کوردستان" دەکرێت، بەڵێن بێت بە توندی ڕووبەڕووی ببینەوە.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانی کرد بەرامبەر بڕینی مووچە و بودجە لەلایەن بەغداوە و ڕایگەیاند: "دەستی یەکە بە یەکەتان یەکێکتان ماچ دەکەم کە نەتانهێشت پلانی ناحەزان سەربگرێ." داواشی لە دەنگدەران کرد بە دەنگدانیان "دڵی شەهیدان شاد بکەن و کەرامەتی خۆیان بپارێزن."

دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە هەولێر:

"بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان"

خوشک و برایانی خۆشەویست، هەڤاڵانی بەڕێز. خۆشحاڵیم وەسف ناکرێت کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام. هەمووتان بەخێر بێن، سەر سەر و سەرچاوان.

خۆشەویستان، ئامادەبوونی ئێوە بەم حەماسەتەوە، بەم مەعنەویاتە بەرزەوە، هەمیشە ئومێدبەخشە بۆ ئێمە.

هەر وەک ئاگادارن، سێ چوار ڕۆژمان ماوە بۆ هەڵبژاردن. هەڵبژاردن ڕاستترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ڕای خۆی بدات. و بەنیسبەت ئێمە، مەسەلەیەکی مەبدەئییە. هەڵبژاردنی ئەمجارەش، ئێمە دەزانین گۆڕانکاری بەسەر کورسییەکاندا نایەت، چونکە پێشوەختە کورسییەکان دەستنیشان کراون. بەڵام، بەشدار بووین لەبەر دوو هۆی سەرەکی:

یەکەمیان، زۆر لە دۆستان و هاوخەباتان لەناو عەرەبەکان و دۆستەکانمان لە دەرەوە، هەموو داوایان کرد کە بەشدار بین. و پەیامی زۆر ئەرێنیمان پێگەیشت لە زۆر لە دۆستانمان، لە هاوخەباتانمان لە بەغدا، کە ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە ڕاستە کورسییەکان ناگۆڕێت، بەڵام ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی، عەمەلییەی سیاسی لە عێراق بگەڕێنینەوە بۆ سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی. کە ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە. بۆیە ئێمە بەشدار بووین و لەگەڵ ئەو دۆستانە، ئەو هاوبیرانەی کە وا بیر دەکەنەوە کە عێراق پێویستی بەوەیە چاکسازیی بنەڕەتی تێدا بکرێت، ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەست دەخەینە ناو دەست و هەموو هەوڵێک دەدەین.

هۆی دووەم، بۆ ئەوەی سەنگی پارتی پیشانی هەموو لایەک بدرێت. بۆیە، داواتان لێ دەکەم، هەرچەندە لەو قەناعەتەم کە ئێوە پێویستتان بە تەوسییە نییە، بەڵام دەنگدان بە لیستی 275، بۆ ئەوەی وەڵامێک بێت بۆ هەموو ئەوانەی کە بە خەیاڵ دەژین.

هەڤاڵان، پارتی بەرچاوی ڕوونە، پارتی دەزانێت چی دەوێت و دەزانێت چی دەکات.

هەر وەک وتم، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ئەو دەرفەتەی ڕەخساند کە لەگەڵ هاوخەباتان و دۆستانی ترمان بتوانین چارەسەری وەزعەکە بکەین و عەمەلییەی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ ڕێگەی ڕاستی خۆی، ئەمە بەرنامەی پارتی دەبێت. بەرنامەی پارتی دەبێت بۆ داهاتوو.

یەک، یاسای هەڵبژاردن دەبێت بگۆڕدرێت، بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەیی لەسەر ئەساسی لیستی حیزبی یان لیستی نیمچە کراوە. بەم قانونەی کە ئێستا هەیە، قانونێکی ناعادلانەیە، قانونێکە مافی هەموو لایەک بزر دەکات تەنها چەند لایەنێک کە بەکەیفی خۆیان داڕشتووە. لەبەر ئەوە ئەم قانونە بەکەڵکی ئەوە نایەت و کارێکی جددی دەکەین بۆ ئەوەی ئەم قانونە بگۆڕدرێت. مەعقول نییە کورسییەک لە هەولێر بە 40 هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووان 70-80 %، بەڵام لە پارێزگایەکی تر لە عێراق، لە باشووری عێراق، هەمان کورسی بە 2000 دەنگ بێت و ڕێژەی بەشداربووانیش 20 %یان تەنانەت کەمتر بێت.

دوو، هەوڵ دەدەین بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی یان مەجلیسی ئیتیحاد، کە ئەمە زامنێک دەبێت بۆ مافی هەرێم و مافی پارێزگاکانی تری عێراقیش.

دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە زەریبە و ڕسومات دەربچێت.

ماددەی 140 نە لەبیر دەکرێت، نە وازی لێدێنین، دەبێت جێبەجێ بکرێت.

لێرەدا دەمەوێت بەو خوشک و برایانەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڵێم، دڵنیا بن ئێوە لەناو دڵی ئێمەدان.

دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور، بۆ ئەوەی ئیتر هیچ بەهانەیەک نەمێنێت بەدەست ئەوانەی کە یاری بە هەموو شتێک دەکەن لە بەغدا.

قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەنفالکراوان و کیمیاباران و دێهاتە وێرانکراوەکان، ئەمە ئەرکی حکومەتی عێراقە و دەبێت جێبەجێی بکات.

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، گەڕانەوەی عێراقە بۆ سەر سێ بنەما کە لەسەر ئەساسی ئەو سێ بنەمایە عێراقی تازە دروست کرا دوای 2003. ئەویش هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان. لە کۆنفرانسی لەندەن، پێش ڕووخانی ڕژێم، ئیتیفاق کرا لەسەر ئەم سێ بنەمایە. و ڕۆحی دەستوور ئیلهامی لەو سێ بنەمایە وەرگرتووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە، ئیتر هیچ کێشەیەک نامێنێت لە سەرتاسەری عێراق، نە لەنێوان هەرێم و بەغدا، نە لە پارێزگاکانی تریش. گەڕانەوە بۆ دەستوور. ئێمە پابەندین بە دەستوور، کەس بەقەدەر ئێمە ماندوو نەبووە بەو دەستوورەوە. ئەو وەختەش من وتم ئەم دەستوورە بێ کەم و کوڕی نییە، بەڵام بەشی ئەوە ئیجابیاتی تێدایە کە ئێمە تەئیدی دەکەین. و ئەگەر جێبەجێ کرابا، زۆرێک لەو کێشانەی کە ڕوویان داوە، ڕوویان نەدەدا.

ئەگەر ئەو سێ بنەمایە گەڕانەوە، و ئیلتیزام بە دەستوور کرا، ئیتر لە زوڵمی مەرکەزیەتی چەوسێنەر، نەجاتمان دەبێت. وە هەموو خەڵکی عێراق بە ئاسوودەیی ژیان دەباتە سەر. و چیتر کەس ناتوانێت بەپێی میزاجی خۆی، یاری بە مەسەلەی مووچە و بودجەی هەرێم و مووچەی خەڵکی هەرێم بکات، کە جگە لەوەی زوڵمێکی گەورەیە، ئیهانەیەکی گەورەش بوو بۆ خوێنی شەهیدانی ئێمە، کە نابی ئەمە دووبارە ببێتەوە.

"هەڤاڵان، تەجروبە دەریخستووە حوکمی عێراق تەنیا بە یەک نەتەوە یان بە یەک پێکهاتە ناکرێ، دەبێ بە هاوبەشی بێ، دەبێ شەریک بین ئەگەر بیانەوێ عێراق ئیستیقرار بکات، پێش بکەوێ، کێشەی نەمێنێ، گەڕانەوەیە بۆ شەراکەت، یان بڵێین هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان. ئیتر هەموو جوهدێک سەرف دەکەین بۆ ئەوەی ئەمە جێبەجێ بکرێت.

ئەوەی تر، هەندێک جار تەهدیدی هەندێک کەسمان گوێ لێ دەبێ، یان هەندێک کەس وەتەنییەت بە خەڵکی تر دەفرۆشن، یان دەپرسن ئایا ئێوە ئیلتیزامتان بە عێراق هەیە یان نا؟ وەک ئەوەی عێراق موڵکی ئەوانە.

لە کۆنفرانسی لەندەن، ئەساسی ئەو عێراقە دانرا و ڕۆڵی سەرەکیمان تێدا بینی. لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری، پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان بینی. لە دامەزراندنی عێراق و دەستوور، خەڵکی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان بینی. بەڵێ، ئێمە لەگەڵ عێراقین، بەڵام عێراقێکی کە شەریك بین، هاوسەنگ بین، هاوبەش بین. نەک عێراقێک مەجموعە مافیایەک بێن و داگیری بکەن و حوکمی بکەن. ئێمە لەگەڵ عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراتی، فرەنەتەوەیی، فرەحزبی، فرەئایینی، فرەمەزهەبین. ئێمە لەگەڵ عێراقی دیکتاتۆری نە بووین و ناشبین.

ئێمە بڕوامان بە پێکەوەژیان هەیە. ئەو فەرهەنگەی بۆ ئێمە ماوەتەوە لە کوردستان، ئێمە پێی سەربەرزین. لە هەموو موناسەباتێکدا، لە هەموو شوێنێک کە باسی فەرهەنگی پێکەوەژیان دەکرێ لە کوردستان، هەست بە سەربەرزییەکی گەورە دەکەین. ئێمە دەبێ ئەو فەرهەنگە بپارێزین و قووڵتری بکەین. ئێمە کێشەمان نییە لەگەڵ هیچ نەتەوەیەک. ئێمە و عەرەب براین. کێشەمان لەگەڵ شێوازی حوکمڕانییەکەیە.

دوای 2003، ئێمە ڕێککەوتین لەسەر شێوەی حوکمڕانی. دەستوور ڕێگەی پیشان داوە. بۆیە ئێمە داوا دەکەین دەستوور حەکەم بێت لەنێوان ئێمە و هەر کەسێ حاکم بێت لە عێراق.

هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێک دڵنیا دەکەینەوە، لە هەرێمی کوردستان کە بە دڵ و گیان دەیانپارێزین و مافیان پارێزراوە. و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ هەموو شوێن و پارچەکانی تری عێراقیش، ئێمە بەرگرییان لێ دەکەین.

ئامۆژگاریی ئێمە بۆ کاندیدەکانمان، هەر وەک پێشتریش باسم کرد، ئامۆژگاریی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە کە تەنها خۆیان بە نوێنەری هەرێمی کوردستان نەزانن، بەڵکو خۆیان بە نوێنەری هەموو پارێزگاکانی عێراق بزانن و لە هەر کوێ زوڵم لە هەر تاکێکی عێراقی کرا، بەرگری لێ بکەن هەر وەک بەرگری لە یەکێکی هەولێری یان دهۆکی یان سلێمانی یان کەرکوکی دەکەن.

ئومێدەوارین کە عێراق تێکەڵاوی ئەو ململانێیانە کە ئەمڕۆکە هەیە لە ناوچەکە نەبێت و خەڵکی عێراق بپارێزرێت و دوور بێت لە هەر ناخۆشییەک و کارەساتێک عێراق نەبێتە ساحەی ململانێ بەینی ئەو دەوڵەتانە ئەما کارێکی ئەساییە، ئەویە ئێمە پێمان بکرێت بۆ ئەم مەبەستە نە درێغیمان کردووە نە درێغیش دەکەین.

هێشتا هەڕەشەی جیدی لەسەر هەرێم و عێراق هەیە، وەک تیرۆر و بیری توندڕەوی. تەواو نەبووە و لە زۆر شوێن خۆیان ڕێکخستووەتەوە و بەرنامەشیان هەیە بۆ کاری تیرۆریستی. ئەوانەی بە دڵی خۆیان دەڵێن تیرۆر تەواو بوو، حەقیقەت تیرۆر تەواو نەبووە.

مەترسیی دووەم، مەسەلەی ماددەی هۆشبەرە، کە بە بەرنامەیەکی ڕێک و پێک، دەیانەوێ خەڵکی کوردستان تەفروتوونا بکەن. مەترسیدارترین پلان و مەترسیدارترین چەک، بەکارهێنانی ئەو ماددە هۆشبەرەیە کە خەریکن ماڵی ئێمە وێران دەکەن. ئێمە دەبێ بە هەموو توانایەک بەرگری لێبکەین. و هەروەها، عەینی بەرنامە بۆ هەموو شوێنەکانی تری عێراقیش هەبووە.

بەڵام یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە ئەوە دەبێ، ئەوانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن، ئەوانەی کارخانەی ماددەی هۆشبەریان داناوە، چ لە هەرێم، چ لە بەغدا، لە شوێنەکانی تر، دەبێ بدرێنە دادگا و سزا بدرێن.

لەسەر وەزعی ناوخۆمان لە هەرێم، هەر وەک بەڕێزتان دەزانن، ئەمە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمدا تێپەڕی. هەر دوای ئەوەی کە ئەنجامەکان ڕاگەیەندران، داوامان کرد لە هەموو لایەنەکان بێن حکومەتێکی بنکە فراوان تەشکیل بکەین. کوردستان موڵکی هەموومانە. هەندێکیان، یان ئەکسەرییان، نەهاتن و موعارەزەیان هەڵبژارد. ئێمە ئیحترامان هەیە بۆ ئیختیاری  ئەوان. مەسەلەکە مایەوە لەسەر پارتی و یەکێتی. دوای چەندین کۆبوونەوە لەنێوان وەفدی پارتی و وەفدی یەکێتی، لەسەر دوو میحوەری ئەساسی ئیشیان کرد، یەکێک شێوەی حوکمڕانی و ئیدارەی حکومەت، ئەوی تر دابەشکردنی پۆست. لەسەر خاڵی یەکەم گەیشتنە ئیتیفاق، لەسەر خاڵی دووەمیش من تەوسییەی وەفدی پارتیم کرد لەگەڵ مەکتەبی سیاسیش کە ئەو پەڕی مرونەت نیشان بدەن بەرامبەر بە یەکێتی. بەڵام بەداخەوە، ئەو مەعلوماتەی پێشتر بۆ ئێمەیان دابوو کە یەکێتی بە تەمایە وەخت بکوژێ تا هەڵبژاردنی فیدراڵی عێراق تەواو دەبێت، ئاوسا بیر لەوە بکەنەوە بێنە حکومەت یان نا. تەبعەن ئەو هەلومەرجە، ئەو هەلومەرجەی پێش ئینتیخابات، ڕەنگە دوای ئینتیخابات ئەو هەلومەرجە وەک خۆی نەمێنێ و ناشمێنێ.

خۆشحاڵین زۆر کە دەبینین پرۆسەی ئاشتی لە پارچەکانی تری کوردستان، ئەوە دەستی پێکردووە. ئەمە زۆر زۆر ئومێدبەخشە و ئێمە بە هەموو توانایەک پشتگیریی ئەو پرۆسەیە دەکەین و ئومێدەوارین ئینشائەڵا خوای گەورە نەجاحەتی بداتێ، ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگات بۆ ئەوەی خێری هەموو لایەکی تێدا بێت.

جارێکی تریش، بەم ئەندازەی من خۆشحاڵم بەو پرۆسەی ئاشتییەی کە لە پارچەکانی تر دەستی پێکردووە.

"ئایندە ئومێدەوارە، ئومێدە، ئیرادەیە، بەرچاوڕوونییە، پلانە. ئەمەیە ئایندەیەک کە پارتی دەیبینێ و کاری بۆ دەکات.

ئومێدمان زۆرە، ئیرادەمان بەهێزە، بەرچاومـان ڕوونـە، و پلانی تـوکمەشمان هەیە. پارتی و حکومەتی هەرێم، ئومێدەوارین هەموو لایەنەکانی تریش بەشدار بن لەگەڵ ئێمە، بەڵام کاروانی ئاوەدانی بەردەوام دەبێت و وەڵامی هەر کەسێک کە پێی ناخۆشە یان حەسادەتە، بە پڕۆژە وەڵامی دەدرێتەوە، نەک بە قسە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێ پایانی پێشمەرگە و هێزەکانی تری، هێزە ئەمنییەکان بکەم بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایش و دەرفەتیان ڕەخساند بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی ڕێک و پێک لە کەش و هەوایەکی ئارامدا بەڕێوە بچێت. زۆر سوپاسیان دەکەم.

سوپاس، سوپاس بۆ گەلی کوردستان، بۆ خۆڕاگرییان و دڵسۆزییان و ئەو بانگەشەیەی کە ئارام ئەنجام درا. و لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێ پایان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، بۆ ئەو خۆڕاگرییەیان کە هەندێک لە بەغدا دەیانویست بە بڕینی مووچە چۆکمان پێدادەن و بە حیسابی خۆیان خەڵکەکە ڕاپەڕێ و ئەم هەرێمە تێکبدەن. دەستی هەموو یەکەکتان ماچ دەکەم کە نەتانهێشت پلانی ناحەزان سەربگرێ.

سوپاس و سڵاو بۆ خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان.

سوپاس بۆ جێگران و کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و هەموو جەماوەر و کادر و ئەندامانی پارتی، بۆ ماندووبوونتان، بۆ شەونخونیتان، و بۆ ئەو ئەرکە گەورەیەی ئەنجامتان دا. سوپاستان دەکەم.

سڵاو بۆ هەولێر و بۆ هەموو شارەکان، هەموو شارۆچکەکان، هەموو دێهاتەکانی کوردستان. سڵاوی تایبەت بۆ شار و شارۆچکەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە نە لەبیر دەکرێن، نە بەجێتان دێڵین.

جارێکی تر، سوپاستان دەکەم هەڤاڵان. و داواتان لێ دەکەم، دڵی گیانی شەهیدان شاد بکەن، دڵی دڵسۆزان خۆش بکەن، دەنگ بە لیستی 275 بدەن، بۆ ئەوەی بەرگری لە ئێوە بکات، بۆ ئەوەی کەرامەتی ئێوە بپارێزێت.

من سەرکەوتن، سەرکەوتن و ئایندەیەکی گەشتر لە چاوەکانی ئێوەدا دەبینم.

لە کۆتاییدا، هەزاران سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدان. ئێوەش هەمیشە شاد و بەختەوەر و سەرکەوتوو بن. بژی کورد و بژی کوردستان. بژی پێکەوەژیان.

لە کۆتاییدا فەرموودەیەکی ئیمام عەلی هەیە، ئەمە بۆ خۆشمان وەک کورد، بۆ عەرەبەکان بە شیعە و سوننە، بۆ تورکمان، بۆ هەموو کەسێک. کە دەفەرموێت: 'لَا تَظْلِمَنَّ إِذَا مَا كُنْتَ مُقْتَدِرًا، فَالظُّلْمُ آخِرُهُ يَأْتِيكَ بِالنَّدَمِ. تَنَامُ عَيْنُكَ وَالْمَظْلُومُ مُنْتَبِهٌ، يَدْعُو عَلَيْكَ وَعَيْنُ اللَّهِ لَمْ تَنَمِ'. ئەمە بۆ هەموو لایەکە.

ئومێدەوارم هەمیشە لە خۆشیدا بتانبینم. خوا حافیز. دوو سێ ڕۆژمان ماوە. ئیتر حەق و حیساب هەمووی مەعلوم دەبێت. ئەمانەتی خوای گەورە بن. زۆر سوپاس."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment