ڕۆیتەرز: تورکیا یاسایەک بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە ئامادە دەکات

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، پەرلەمانی تورکیا دەستیکردووە بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک، بۆ ڕێگەخۆشکردنی گەڕانەوەی هەزاران ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو وڵات.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، پڕۆژەیاساکە پارێزگاری لە گەڕاوەکان دەکات، بەڵام لێبووردنی گشتی بۆ ئەو تاوانانە ناگرێتەوە کە ئەندامانی پێشووی پەکەکە ئەنجامیان داون. چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەیاساکە لەم مانگەدا پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.

لە قۆناغی یەکەمدا، پێشبینی دەکرێت نزیکەی هەزار کەس بگەڕێنەوە، ئەویش ئەو ئەندامانەن بەشدارییان لە کاری چەکداریدا نەکردووە.

 لیژنەیەکی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، ئەرکی ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی بۆ تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی ئەندامانی پەکەکە لە ئەستۆ گرتووە. یاسای "گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" چوار پۆلێنی جیاواز بۆ گەڕاوەکان دەکات: دۆخی ئەندامانی تێوەگلاو لە تاوان، ئەندامانی تێوەنەگلاو، بەرپرسانی ڕێکخراوەکە و فەرماندەرەکان.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆسەیەکی ئاشتی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن، ململانێیەک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 40 هەزار کەس.

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکرد. 

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت. لە وەڵامدا، پەکەکە لە مانگی ئایاردا کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.

 هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمدا، پەکەکە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوانە لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە بە "ئەرێنی و مێژوویی" وەسف کران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment