داهاتی هەشت مانگی ڕابردووی عێراق زیاتر لە 82 ترلیۆن دینار بووە

ئەمڕۆ شەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کرد، قەبارەی داهاتی بودجەی فیدراڵی لە مانگی یەک تا مانگی ئابی ساڵی 2025، 82 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، داهاتی نەوت لە بودجەدا 90% بووە.

وەزارەتی دارایی عێراق حساباتی ساڵی دارایی بۆ هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە تێێدا هاتووە، کە داهات و بودجەی وڵات لە 90%ـی داهاتی نەوتە.

لە خشتەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، کۆی گشتی داهاتەکان بۆ هەشت مانگی ڕابردوو، 82 ترلیۆن و 377 ملیار و 552 ملیۆن و 620 هەزار و 313 دینار بووە.

بەپێی خشتە داراییەکان، داهاتی نەوت 73 ترلیۆن و 821 ملیار و 820 ملیۆن و 815 هەزار دینار بووە، کە 90%ـی بودجەی گشتی پێکدەهێنێت، هاوکات داهاتی نانەوتی، 8 ترلیۆن و 555 ملیار و 371 ملیۆن و 804 هەزار دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشکراوە، کۆی خەرجییەکانی ئێستا 73 ترلیۆن و 649 ملیار و 419 ملیۆن و 388 هەزار بووە، کە مووچەی فەرمانبەران 44 ترلیۆن دینار بووە، مووچەی خانەنشینان 12 ترلیۆن و 558 ملیار دینار بووە، هەروەها مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتیش 3 ترلیۆن و 710 ملیار دینارە دیناربووە.

بەردەوامی پشتبەستنی حکوومەتی عێراق بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی بودجەی گشتی، ئابووری عێراق دەخاتە مەترسییەوە، کە جارجارە بەهۆی دابەزینی نەوت تووشی کێشە دەبنەوە، ئەمەش وا دەکات حکوومەتی عێراق بۆ داپۆشینی کورتهێناننی بودجە پەنا بۆ قەرزی ناوخۆ و دەرەکی دەبات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکوومەت ناتوانێت داهاتەکانی فرەچەشن بکات.

 

 
Fly Erbil Advertisment