ئەمەریکا پەیامێکی نوێی بۆ عێراق نارد
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق ڕایگەیاند، واشنتن لە بارەی داهاتووی عێراق گەشبینە و بە درەوشاوەیی دەیبینێت. جەختی لەوە کردوە، پێویستە هەمووان کار بکەن بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە دوور بێت لە میلیشیاگەری.
شەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، نووسیویەتی: ئەمەریکا داهاتووی عێراق بە درەوشاوەیی دەبینێت، بە هۆی گەلە بەهرەمەند و چالاکەکەی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا، عێراق پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی یەکلاکەرەوەی دیموکراسی دەکات، با هەموومان بە یەکەوە با ئەم گەشەسەندنە بپارێزین.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، حکوومەتی ئەمەریکا هەردەم پاڵپشتی عێراق دەکات، کاتێک ئەو وڵاتە هەنگاوەکانی بۆ بەرەوپێشچوون و بەهێزی دەنێت، هەروەها ئومێدی سەربەخۆیی، وڵاتێکی دوور لە میلیشیا و گرووپی چەکدار جێگای خۆشحاڵی هەموومانە.
لێدوانەکانی ساڤایا، جهختكردنهوهیه له كۆتاییهێنان به هێز و گرووپ و میلیشاکانی سهر به ئێران، له كاتێكدا زۆرێك لهو هێزانه بهشداریی پرۆسهی ههڵبژاردنیان کردووە، هاوکات لیست و هاوپهیمانێتیی تایبهتیان بۆ ئهو مهبهسته پێكهێناوه.
پەیامەکەی ساڤایا لە کاتێکدایە، هەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی عەرەبی ڕایگەیاندبوو، هۆشدارییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق لە بارەی گرووپە چەکدارەکان بابەتێکی نوێ نییە، لە ئیدارەی پێشووتریش چەندین جار ئەمەریکا هۆشداری بە عێراق داوە، بە تایبەت لە بارەی ئەو گرووپانەی کە حکوومەتی ئەمەریکا تێبینی لە سەریان هەیە و وای دەبینن کە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە و پشتیوانی دەکرێن.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دابوو، ئەمەریکا ئەو گرووپانە بەوە تۆمەتبار دەکات، کە پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەتی ئێران هەیە، هەروەها لە لایەن ئەو وڵاتەوە ئاڕاستە دەکرێن و بەکار دەهێنرێن.
21ـی مانگی ڕابردوودا، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، کە مارکۆ ڕوبیۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و جەختی لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان کردووهتهوه و به سوودانی ڕایگەیاندبوو، کە ئەو گرووپانە بوونەتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراق و هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و بازرگانانی ئەمەریکی و عێراقی.
