بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا: پلانمان بۆ گواستنەوەی سەربازەکانمان لە سووریا نییە

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای کرد، تاوەکوو ئێستا سوپای وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ جێهێشتنی سووریا نییە، هاوکات دەشڵێت: پلانمان نییە ناوەندە سەربازییەکانمان لەو ناوچەیە زیاد بکەین.

شەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2025، پێگەی هەواڵی عەرەبییە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا هیچ پلانێک بۆ گواستنەوەی سەربازی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا یان لە بنکەی تەنەف لە باشووری ئەو وڵاتەدا نییە.

ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاندووە، لە تێکشکاندنی داعش بە هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی حکومەتی سووریا بەردەوام دەبن؛ جەختیشی لەوە کردەوە، ئامانجی ئەمەریکا ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و دڵنیابوون لەوەی لە داهاتوودا هیچ هەڕەشەیەک دروست ناکات.

بەرپرسەکە هەروەها ڕوونیکردەوە واشنتن هیچ ناوەندێکی هەماهەنگی نوێ لە سووریا دانامەزرێنێت و هیچ پلانێکی لەو شێوەیان نییە.

سەبارەت بە سەقامگیریی ناوچەکە، بەرپرسەکە ئاماژەی دا، ئەمەریکا دەیەوێت ئیسرائیل بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیدا بژیت، بەڵام دانی بەوە دانا کە ئاستەنگی بەردەوام هەن بۆ گەیشتن بەم جۆرە پێکەوەژیانە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی نۆرس لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە گومان لە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر بە سووریا دەکرێت، بەتایبەتی دوای ئەو ئەگەرانەی باس لە بەشداریکردنی حکومەتی سووریا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

باسی لەوەش کردووە، هەسەدە وەک هاوبەشی سەرەکی ئەمەریکا دەمێنێتەوە، بەڵام هەماهەنگی نێوان دیمەشق و ئەمەریکا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی نوێ زیادی کردووە.

هەروەها بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد شەرع، بچێتە واشنتن و لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە و پێشبینی دەکرێت باس لە دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و بەشداریکردنی سووریا لە هاوپەیمانیی جیهانی دژی داعش بکەن.

پێشتر ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندبوو، ڕێکخراوی تیرۆریستی(داعش)، لە مانگی تشرینی یەکەمدا هێرشەکانی لەو ناوچانە چڕ کردووەتەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"دان.

ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرای کردبوو، هێرشەکانی داعش ئاماژەن بۆ بەردەوامی چالاکیی شانەکانی و توانای بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی و قۆستنەوەی بۆشایی ئەمنی.

ڕۆژی هەینی، 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکی سەربازیی لە دێرەزۆر ڕایگەیاندبوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکیان لە گەڕەکەکانی سسماعە، هوێش، و فارس لە گڕانیج ئەنجامدا.

بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، لە گەڕەکی هوێش دوو داواکراو هەوڵی هەڵاتنیان دا، یەکێکیان بە فیشەک بریندار کرا و ئەوی تریش کوژرا، لەکاتێکدا 4 "داواکراو"یش لە گەڕەکەکانی دیکە دەستگیرکران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment