سوودانی لەبارەی نێردەی ترەمپ بۆ عێراق: دڵێکی پاکی هەیە

سوودانی و ترەمپ و ساڤایا
سوودانی و ترەمپ و ساڤایا

سوودانی ڕۆژی لە دایکبوون لە نێردەی ترەمپ بۆ عێراق پیرۆز دەکات و دەڵێت "دڵێکی پاک و ڕۆحێکی عێراقییانە"ـی هەیە. 

ئەمڕۆ شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق؛ لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند، لە بەغدا، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەتەوە. 

ساڤایا لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت "ئەمڕۆ ڕۆژی لە دایکبوونمه، بووم بە 40 ساڵ، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق (محەممەد شیاع سوودانی دانیشتووم." سوودانیش بە گەرمی پێشوازی لێ دەکات و دەڵێت "برای ئەزیزم مارک، هەموو ساڵێکت بە خۆشی و لەشساغی و تەندروستی."

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مارک دەڵێت "ئینشائەڵڵا زیاتر سەرکەوتوو دەبیت، چونکە خاوەنی دڵێکی پاک و ڕۆحێکی عێراقیت و خۆشەویستیت هەیە بۆ عێراق. دڵخۆشبووم بە هاوەڵ و هاوڕێیەتیت. ئینشائەڵڵا هەموو ساڵێک لە باشترین دۆخدا دەتبینم."

سوودانی سڵاویش بۆ باوکی نێردەی ترەمپ دەنێرێت "سڵاوم هەیە بۆ باوکت، بەڕێز باوکی مارک. خودای گەورە پاداشتت بداتەوە بۆ پەروەردەکردنی ئەم کوڕە چاکە. خودا بتپارێزێت." ساڤایاش لە وەڵامدا، سوپاسی هەڵوێستەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات. 

تا ئێستا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هیچ ڕاگەیەنراوێکیان لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.

وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ساڤایا بە جلوبەرگی مەدەنییەوە چووەتە لای سوودانی، و سەرۆک وەزیرانیش تەنیا قەمیس و بۆینباخێکی لەبەردابووە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە فەرمی نەبووە.

ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەیە لە نێوان هەردوولا دوای دەستنیشانکردنی ساڤایا وەک نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ بەغدا. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment