ئەحمەد شەرع گەیشتە واشنتن
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمەریکا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە بەیانی دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەم، ئەحمەد شەرع، لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتن.
ڕۆژی هەینی، 7ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن بە فەرمی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریای لە لیستی تیرۆر دەرهێنا، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەحمەد شەرؤە بۆ ئەمەریکا.
هاوکات ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتابی دا، کە زیاتر لە 10 ساڵە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەمەریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.
ئەحمەد شەرع دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە 8ـی کانوونی دووەمدا دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست. سەرۆک کۆماری نوێی سووریا چەندین جار پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و جیهانی عەرەبی دووپاتکردووەتەوە.
لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا ئەحمەد شەرع، سەردانی نیویۆرکی کرد و بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لەم سەردانەیدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر سەرکردە و نوێنەری وڵاتان کۆبووەوە.
هەروەها لە 13ـی ئایاری ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کۆبووەوە، لەمیانی دیدارەکەدا ترەمپ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سووریای ڕاگەیاند و ئاگاداری کردەوە پێویستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.
