سیستمێكی تۆماركردنی زانیاری بۆ خانەنشینان دروست دەكرێت
وەزاتی دارایی لەبارەی سیستمەكە زانیاری دەخاتەڕوو
K24 – ھەولێر
لە چوارچێوەی ھەنگاوەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی، سیستمێكی تۆماركردنی زانیاری بۆ خانەنشینان دروست كرا.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد "ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 9ی ئەیلولی 2020 بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاكسازی لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەتی پلاندانان و هەردوو رێكخراوی (UNDP) و (USAID) لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی بە مەبەستی دروستكردنی سیستمێكی تۆماركردنی سەرجەم زانیارییەكان بۆ خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە: "لە كۆبوونەوەكەدا زاگرۆس فەتاح پوختەی سیستمەكە بۆ وەزیری دارایی و ئابووری خرایەڕوو كە چۆن دەستكراوە بە ئامادەكاری بە مەبەستی درووستكردنی سیستمێكی زانیاری پێشكەوتوو بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی هەرێمی كوردستان. پاشان نوێنەرانی هەردوو رێكخراوەكە ناوەڕۆكی سیستمەكەیان بۆ وەزیری دارایی و ئابووری شیكردەوە و تیشك خرایە سەر گرنگی ئەم سیستمە كە هەنگاوێكی گونجاوە بۆ ئاراستەكانی حكومەتی هەرێم بە ڕووی چاكسازیدا".
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە: "وەزیری دارایی و ئابووری ئاوات جەناب نوری ئامادەیی وەزارەتی پیشاندا كە بە پێی توانا هاوكاری تەواو بۆ پێشخستن و بەردەوامی ئەو سیستمە بدات".
وەك وەزارەتی دارایی روونكردووەتەوە، ئەو سیستمە چەند گرنگییەكی بەرچاوی هەیە لەوانەش(نەهێشتنی خانەنشینی دووبارە، دیاریكردنی بڕی شایستەی خانەنشینی و پاراستنی دۆسییەكان) لە هەمان كاتدا رۆتین كەمدەبێتەوە و مامەڵەكانی خانەنشینی خێراتر دەبێت.