هەڤپەیڤینی تایبەتی کوردستان24 لەگەڵ فازڵ میرانی
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ کوردستان24 وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی کاتێک قسە دەکات عەقڵی لەسەری نییە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. جەختی لەوەش کردەوە، قسەکانی بافڵ تاڵەبانی مایەی گاڵتەجارییە و تەنیا منداڵ پێی پێدەکەن و پێویستە خۆی کۆنترۆڵ بکات.
پێشکەشکار: شەوتان باش، بەڕێزان خۆشحاڵین کە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت ئەمشەو لەگەڵتان دەبین. دەمانەوێ زۆر قسە و پرس هەیە، زۆر ڕاشکاوانە لەگەڵ میوانەکەمان قسەی لەبارەوە بکەین، پرسی لەبارەوە بکەین بزانین دۆخی هەرێمی کوردستان چۆنە، بۆچی هەندێ لایەنی سیاسی هەیە زیاد لە پێویست و هێڵی سووریشیان تەنانەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بۆ پەرلەمانی عێراق بەزاندووە. میوانەکەمان زۆر بەڕێز کاک فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاستەوخۆ لە ستۆدیۆ لەلامان میوانە. کاک فازڵ زۆر بەخێر بێن، گەلێک گەلێک سوپاس کە جارێکیتر لەگەڵمانن لەم هەڤپەیڤینە تایبەتە.
فازڵ میرانی: سوپاس کاک حاکم.
کوردستان24: جەنابت وەک دیپلۆماتکارێک و پیاوێکی زۆر سیاسەتمەدار ناسراوی، بەڵام پێمخۆشە ئەمشەو بۆ ئەمشەو ئەو پرسیارانەی کە هەن زۆر بە ڕاشکاوانە وەڵاممان بدەیتەوە، لە هەندێکی لە ئەتیکی دیپلۆماسیش بچینە دەرەوە. من سوپاست دەکەم ئەگەر جەنابت پێتخۆش بێت.
فازڵ میرانی: سوپاس کاک حاکم، سەرکەوتوو بن ان شاءالله، لە خزمەتداین.
کوردستان24: قوربان، ئێمە لە خزمەتداین، زۆر سوپاس. بەڵام من دەمەوێ ئێستا بە پرسیارێکی گشتی دەست پێبکەم پێش ئەوەی بێینە سەر دۆخی کوردستان. ئێستا لە وادەی کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردنین، تا دوێنێ بانگەشە هەربوو، تەواو بوو، ئیتر بانگەشە نییە، بەیانی دەنگدانی تایبەتە، بەڵام یەک پرسیار هەیە، پرسیارەکەش ئەوەیە بۆچی لە ماوەی ئەم مانگە و مانگێک زیاتر بە تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان ڕووی بانگەشەی، ڕووی دەمی لە عێراق بوو، باسی دەستوور بوو، جێبەجێکردنی دەستوور بوو، ماددەی 140 بوو، نەهێشتنی زوڵم و ستەم و مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان بوو، بەعەکسی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان جا ئەوانی بە خۆیان دەڵێن ئۆپۆزیسیۆن یان ئەوانەی کە بەشداریشن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆچی هەر هەموویان ڕووی دەمیان لە پارتی بوو؟ دەیڕوخێنین، دەیوەستێنین، حکومەت ناهێڵین پێکبێت. باشە خۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆچی بە تەنها ئێوە؟ هەر بە تەنها پارتی بەرپرسیارە لە هەرێمی کوردستان و داهاتی کوردستان؟
فازڵ میرانی: رَبَّنَا لَا تُؤَاخِذْنَا إِنْ نَسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا. بەڵێ، کاک حاکم لام سەیرە، یان ئێمە ڕاست ناکەین یان ئەوان ڕاست ناکەن. جەنابی سەرۆک دوێنێ روونیکردەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئێمە بە ڕوونی باسمان کرد و دوێنێ شەو بەڕێز سەرۆکی هەرێمیش چاوپێکەوتنێکی هەبوو لەگەڵ هێڤیدار ئەحمەدی لە ڕووداو، بەڕای من یەکێک لە دیدارە هەرە خۆشەکان بوو، واتە من خۆم چێژم لێ وەرگرت، چونکە بە سادەیی بابەتی گرنگ باسی لێوەکرا ، باسی لە قووڵایی بابەتەکان لە عێراق کرد، تا ئێمە لە عێراقین، ئەمە ڕاستییەکەیە، تا ئێمە لەم عێراقەین قووڵایی ستراتیژی ئێمە لە عێراقە، چونکە ناوەندی بڕیار، بوودجە، پەیوەندییە دەرەکییەکان، ڕاگەیاندنی شەڕ، ڕاگەیاندنی ئاشتی هەموو لە بەغدا دەکرێتەوە و ئێمە بەشێکین لەو عێراقە. ئەمە سرووشتیە،کە هەموو جیهان، هەموو حیزبەکان دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا پەنا بۆ دەستوور ببەن، نەک تەنها بابەتی کورد . جەنابی سەرۆک باسی کرد و گوتی ئێمە داوامان لە پەرلەمانتارەکانمان کرد، جەنابی سەرۆک بە ڕوونی گوتی ئێمە پەرلەمانتارەکانمان دەبێت نوێنەری هەموو پارێزگاکانی عێراق بن، چونکە ئەو کێشەیە هەیە کێشەیەکی عێراقییە، جێبەجێ نەکردنی دەستوور کێشەی تەنها کورد نییە، کێشەی هەموو عێراقە، بۆ نموونە پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی کە زاراوەیەکیان هەیە پێی دەڵێن پەرلەمانی دووەم، تەنها بۆ کورد نییە، بۆ تەواوی عێراقە. کەواتە ئەوەی ئێمە دەیڵێین ڕاستە. بەڵام برادەرانی دیکە بە ئۆپۆزیسیۆن و حیزبەکانی دیکەوە ڕوویان لە ئێمە دەکەن، دەڵێ یەکێک هەبوو تا ئێواران منداڵ لێیاندەدا، کە دەگەڕایەوە ماڵەوە لە براکەی خۆی دەدا، کێشەی ئێمە و ئەوانیش ئەوەیە ڕێگە ڕاستەکە نابینن، لەخۆیانەوە نابینن، یان ناوێرن، من نازانم هۆکارەکەی چییە، خۆیان دەبێت ئەو وەڵامە بدەنەوە، بەڵام من لەجیاتی ئەوان پێیان دەڵێم ڕێگە ڕاستەکە ئەوەیە کە ئێمە دەیڵێین و دەبێت ئێوەش بێنە پاڵ ئێمە، ئێمە ئەو ڕێگەیە بگرینە بەر، بۆیە من دەڵێم هاوڕێ بین نەک یەکڕیز بین، یەکڕیزی ئەوەیە تۆ بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆت، هەر یەکێک بە شێوازی خۆی، بەڵام بە یەک ڕێگەدا بچین، شەرت نییە هەموومان لە حیزبێکدا بین و ڕووشمان هەموومان دەبێت لە عێراق بێت.
کوردستان24: باشە کاک فازڵ، پێش ئەوەی بێمە سەر پرسیارەکانی دیکەم، دەمەوێ بزانم لایەنێکی سیاسی هەیە ئیسلامیشە، واتە حیزبێکی ئیسلامییە لە ڕەخنەکانی لەو هەموو پڕۆژەیەی کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە بەبێ جیاوازی، ڕاستەوخۆ دەڵێ باشە ئەو پارەیان لەکوێ بوو، یانی بە میراتی بۆیان بەجێما بوو، ئەوها توانیویانە ئەو هەموو پڕۆژەیە بکەن؟ پێتوایە ئەوە قسەی میراتییە، یانی ئەو هەموو پڕۆژەیەی حکومەت لەکوێی کردووە، بەچیی کردوویەتی؟
فازڵ میرانی: من باسی ئیسلامی سیاسی دەکەم، ئێمە هەموومان مسوڵمانین، خودا دەڵێ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ، كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لَا تَفْعَلُونَ. لەبەر ئەوە جەوهەری مرۆڤ لە ڕەوشتیدایە، ڕەوشتی ئیسلامی سیاسی قسە ڕاستەکان لە قسە ناڕاستەکان جیادەکاتەوە. ئەگەر ئێمە بێین، من دنیام پێ ناخۆش بوو ئەو مامۆستا بەڕێزە ئەو قسەیەی کردبوو، چونکە لێی چاوەڕوان نەدەکرا و بە دیدی من خۆشی پاش نیو کاتژمێر زانیویەتی قسەیەکی چرووکی کردووە، قسەی چرووک وەکو فیشەکی چرووک وایە. باشە با ئەم پرسیارە پێچەوانە بکەینەوە، چونکە هەر یەک لەوان شتێکیان هەیە ئێستا، ئۆتۆمبێلی هەیە و بارەگای هەیە و ماڵ و منداڵی هەیە و نەسرییەی هەیە و گەشت دەکات و پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەیە، ئەوەی ئەوان باسی دەکەن( ابن عن جد)هەیان بووە، مەبەستیان ئەگەر سەرۆکی حکومەت بێت، سەرۆکی هەرێم بێت، سەرۆکی ئێمەی پارتی بێت، ( ابن عن جد)ئەمانەیان هەبووە، کەم یان زۆر بەڵام باو و باپیرانی ئێمە و ئەوانیش ئەو شایەتییەیان بۆ دەدەن. با یەکێک لەوان بێت شایەدی بدات، کە باب و باپیرانی ئەوان چیان هەیانبووە ،لەبەر ئەوە عەرەب دەڵێت( ئەگەر دەرگای ماڵت لە شووشە بوو، بەرد مەگرە دەرگای خەڵکی)،هەروەها هەموومان خەڵکی گوندەکین و یەکتر دەناسین، لەبەر ئەوە باشترە ڕێزی خۆمان بگرین، ڕێگرتن لەخۆمان بە چ دەکرێت، بەوەی ڕێز لە خەڵکی دیکە بگرین، چونکە لەسەردەمی جاهیلییەتدا شیعرەک هەیە، هی زووهەیر بن سەلمایە، لە موعەلەقاتی سەبعەدا هاتووە( سَئِمتُ تَكاليفَ الحَياةِ وَمَن يَعِش، ثَمانينَ حَولاً لا أَبا لَكَ يَسأَمِ، رَأَيتُ المَنايا خَبطَ عَشواءَ مَن تُصِب، ..........)
کوردستان24: یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دوای ساڵی 1992 جگە لە شەڕی خۆکوژی یان شەڕی براکوژی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە حوکمڕانی ، هەتا ئێستا و لە کابینەی نۆیەمیشدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن دوێنێ کاک بافڵ ، سەرۆکی یەکێتی لە دواین قسەکانی لە بانگەشە، هەندێک قسەی کردووە پێمخۆشە بزانم جەنابت لەسەر ئەم قسانە دەڵێی چی.؟، دەڵێ ئەوانەی دوای ئەنفالی بارزانییەکان سواری دەبابی سەدام بوون، 31ی ئاب وەکو ئەوان دەڵێن، گۆڕانکاری بوو لە کوردستان یان خیانەت بوو؟
فازڵ میرانی: دەمەوێت گفتوگۆیەکی لەسەرخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی دەکەم، پێش هەموو شتێک من لەپێش دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی و بە ڕەحمەت بێت بە بابییەوە، ئەوانەی ماون و ئەوانەی نەماون شەرم دەکەم، کە ئەمە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بێت، بەو قسانەی، چونکە گوتم هەڵسەنگاندنی مرۆڤ و جەوهەرەکەی لە ڕەوشتییەتی رەنگدەداتەوە، ئەم ڕەوشتە ڕەوشتی یەکێک نییە، کە سەرۆکی حزبێکی وابێت، چونکە ئەو هاتووەتە سەر ماڵێکی حازر و مێژووی یەکێتیش نازانێت، هەروەها مێژووی بزووتنەوەی کوردیش نازانێت، ئەگەر لە مێژووی بزانیبووایە ئەوانە لە ساڵانی 64 و 66 تاوەکو ساڵی 70 سواری دەبابە بوون، کە ئەڵێن قێچ و ئەسپێ، ئێمە لە شاخبووین ، بەڵام ئەوان لە کوێبوون، ئەوان لە شارەکان لە بەغدا، موسڵ، دهۆک، هەولێر و سلێمانی بوون، لەبەر ئەوە با قەبر هەڵنەتەکێنین، چونکە قەبر هەڵتەکێنین هەموو شتێکی لێدەردەکەوێت، ئەمە یەکێک. ئەوەی دووەم، گوێم لێبووە ئەڵێ دهۆکمان کردووتە پارێزگا و زانکۆی سەڵاحەددینمان کردووەتەوە، لە رووی مێژوو و کات ڕاستە، بەڵام وەکو شوێن خۆیان لە کوێبوون و چیبوون ئەو کات، هەروەها ئێمە لە کوێبووین، ئێمە چەک هەڵگر و شۆڕشگێڕبووین و ئەوانیش چەک هەڵگر و مووچەخۆربوون ، ئەوان لە عێراق بوون، عێڕاق بۆیەش ئەو دەستکەوتانەی پێدان، تاوەکو نەبێتە دەستکەوتێک بۆ 11ی ئادار ، چونکە بە ماوەیەکی کەم پێش 11ی ئادار ئەم کارانە کراون. شتی زیاتر لەخۆی دەڵێت، ئێمە هەموومان پێی قەڵسبووین، گوێمان بە قسەکانی پێشتری نەداوە، بەڵام ئەوەی دوێنێ گوتوویەتی زۆر لەخۆی زیاترە، باوکیشی ئەمەی نەگوتووە، باوکیشی بەڕەحمەت بێت دەیگوت، من لەگەڵ ئێرە تێکنادەم و پەشیمانم کە ماڵی مەلامستەفام بەجێهێشتووە، ئەو بێت و ئەو زێدەڕۆییە بکات، ئەرێ پرسیارەک دەکەم، ئەم برادەرانەی لە سەرکردایەتی یەکێتین، عاقڵێک نییە بڵێت،کاکە تۆ قسە مەکە، ئەم دەم ڕەشییەی تۆ زیانمان پێدەگەیێنێت، ئێستا گوێی لە منە، منداڵ بەو قسانەی پێدەکەنن، خەڵکی پێگەیشتوو ، هەروەها لەناو خودی یەکێتیش شەرم دەکەن گوێی لێڕابگرن، بەوپێیەی ئێمە پەیوەندییمان لەگەڵ یەک زۆرە و هاورێین، تەنیا منداڵ بەو قسانەی پێدەکەنن، ئەمە شێوەی بانگەشە نییە، کە ئەتو جنێو بە خەڵک بدەی، باشە ئەگەر تۆ ڕێزی خۆت بگریت، باسی من ناکەی، ئەگەر رێز لە باوکت بگریت، باسی باوکی من ناکەی، ئەگەر ڕێز لە دایکت بگری باسی دایکی من ناکەی، ئەمەشی لە کەم هۆشیارییەوەیە ، ئەگەر مرۆڤ پێگەیشتوو و عاقڵ و تەواو بێت دەزانێت چ قسەیەک دەکات و شێوازی قسەکانی دەزانێت، هەروەها دەزانێت چ کاریگەرییەکی هەیە، چونکە قسە وەکو شتێکە کە فڕێی دەدەیت، دەنگی لێوەدێت، ئەم قسەیە ئایا دەنگدانەوەی باشی دەبێت یان خراپی دەبێت . ئێمە ئەو قسانەمان پێناخۆشە، چونکە ئێمە ئەوەنین، کە ئەو دەڵێت، مێژووی ئێمە ڕوونە و شەرم لە مێژووی خۆمان ناکەین، هەروەها شەرم لە جوگرافیای خۆشمان ناکەین. گوتیان دەیگۆڕین، دەیڕوخێنین ، ئەرێ عاقڵێک نەبوو، پێیبڵێ، کاکە کێ دەڕووخێنن و ئەوەی دەیڕووخێنن کێیە و ژمارەیان چەندە، ئایا بە کودەتا هاتوونە، ئەوەی دەتانەوێت بیڕووخێنن، دوونیایەک جەماوەری هەیە، دوو بەقەد ئێوە دەنگ، جەماوەر و سەربازی هەیە، مێژووەکەی دە بەرامبەر مێژووی ئێوە خاوێنترە، جوگرافیایەکەی دەبەرامبەر بە جوگرافیایەکەی تو قایمترە، چۆن دەیڕووخێنی. ئێمە لە ڕاگەیاندنی شەڕداینە تا ئەم قسانە بەیەکتر بڵێین و یەکتر برینداربکەینەوە، عاقلێک نییە بیربکاتەوە، بڵێ شاخ بە شاخ ناکەوێتەوە، بەڵام چاو بە چاو دەکەوێت، ئێمە پێمان عەیبەیە، وەکو ئەوان قسە بکەینەوە، زمانمان هەیە، بەڵام نامانەوێت شکۆی خۆمان بێنینە ئاستی شکۆی ئەوان و ئەو قسە نزمانە بکەین، ئەگەرنا ئێمە قسە نازانین
کوردستان24: کاک فازڵ ئەوان باسی 31ی ئاب دەکەن پێتوایە ئەوە بۆ دەنگ کۆکردنەوەیە و دەتوانێت دەنگی پێ کۆبکاتەوە، ئێ خەڵک خۆ هەمووی ڕاستییەکان دەزانێت
فازڵ میرانی: چاوپێکەوتنێکی کاک مەلا بەختیاری بەبیردەهێنمەوە باسی بارودۆخی جەنگ و ئیستیحقاقاتی جەنگ لەنێوان ئێمە و یەکێتی ، کە ئەوان چەندە پەنایان بۆ ئێران بردووە و ئێمە پەنامان بۆ تورکیا و عێراق بردووە، هیچ لێدوانێکم لەسەر ئەوە نییە، ئەوەی دیکەیان ئێمە لە 31ی ئاب چیمان لەدەستدا لە عێراق و کوردستان، ئێمە برادەرانی یەکێتیمان بۆ ماوەیەکی کەم دەرکرد و پاشان پێکهاتین و هاتنەوە، هەولێر و کەرکووک و فیدراڵییەت مانەوە، بەڵام ئەوان لە 16ی ئۆکتۆبەر چیان کرد، کوا کەرکووک؟ کوا شنگال؟ کوا مەخموور؟ کوا ئاڵتوون کۆپری؟ کوا خانەقین؟ کوا جەلەولا؟ سەری کێشە هەر لەبن کڵاوبێت باشە.
کوردستان24: سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت، ئێمە نەمانهێشت کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت ، بۆچی نەیانهێشت ئەمە بە زیانی خۆیانە یان زیانی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی؟
فازڵ میرانی: ئەو ڕۆژەش قسەیەکم لەسەر ئەوە کرد، بێگومان لە ڕووی مەنتقەوە دەمی خۆشبێت، شتی وادەڵێت، چونکە ئێمە ویستمان حکومەت بەیەکەوە دروستبکەینەوە، ئەگەرنا هەوڵی جددیمان بدابووایە، ئێستاش دەتوانین بەبێ ئەوان حکومەت پێکبهێنین، بەڵام ئێمە مەنتقێکمان هەیە، کە چۆن ئەم دەستکەوتە بپارێزین، چۆن کورد لە یەکتر نەترازێتەوە.دووەم ئەو ڕۆژەش گوتم، من ئەگەر وەکو یەکێتییەک بیربکەمەوە ، نەوەک پارتییەک، پێم عەیبە ئەو قسانە بکەینەوە، یەکێتی لە یەکی حوزەیرانی ساڵی 1975 دروستبووە، مام جەلال و چەند کەسێک دایانمەزراندووە، لە کۆنفرانسەکان باسی شۆڕشی نوێ و کۆنفیدراڵییەت دەکرد، خۆزگە ڕاپرسییەکی دیموکراسییانەمان لەنێو یەکێتی بکردبا، کە ئێمە نەمانویستووە حکومەت بە تەنیا پێکبهێنین چەندە خەڵکەکەی ئەوان پێیانباشە، ئێمە دەتوانین حکومەت بەبێ ئەوان پێکبهێنینەوە، ئێمە ئاوەدانی دەکەینەوە، ئەوان وێرانی دەکەن، فڕۆکەخانەی سلێمانیان داخست، ئێمە کردمانەوە، ئەمن وەکو پارتییەک هیچ کات قەت قبووڵی ناکەم لە پرسی نەتەوەیی بەرپرسیارێتی خۆم بەقەدەر بەرپرسیارێتی یەکێتی لە قەڵەم بدەم ، هەم لە ڕووی مێژووییەوە هەمیش لە ڕووی جوگرافییەوە.
کوردستان24: کاک بافڵ لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەڵێت، ئازادی لە هەولێر نییە و بەندیخانەکانیان پڕن لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، ئێوە چی دەڵێن.
فازڵ میرانی: پەندێکی عەرەبی هەیە دەڵێت،(ضربني وبكى سبقني واشتكى)واتە لێیدام و گریا، بەپێشمکەوت و شکایەتی لێکردم) ئەگەر ئەو یەک زەڕە عاقڵانە بیربکاتەوە و عەقڵی لەسەری دابێت، چونکە پێموایە، کە ئەو قسانە دەکات، عەقڵی لە دەرەوەی سەریەتی، ئەگەر بێتەوە هۆش خۆی دەزانێت دەبابەی بۆ لالەزار بردووە و پێرێ جەستەیەکی سووتاو ڕەژووبوو ناردراوەتەوە بۆ سۆران یەکێکی دیکەیان ناردووەتەوە خانەقین، باشە وەکو ئەو دەڵێت، ئەو خەڵکە لە زیندانبوونایە باشتر نەبوو، لەوەی بیکوژن و بیکەن بە ڕەژوو لە هۆتێل لالەزار ، سەرەڕای ئەمەش ئەم برادەرە چۆن لە ڕووی دێت، ئەم برادەرە بەڕاستی تەواو نییە و پێویستی بە چارەسەر هەیە ، دەبێت برادەرانی یەکێتی کۆنترۆڵی بکەن، ئەمە نە خزمەت کورد و نە یەکێتی ناکات، هەروەها خزمەتی پێکەوە ژیانیش ناکات.
کوردستان24: چ ئەركێک دەکەوێتە سەر شانی ئەو کەسانەی لەنێو یەکێتی بوون و لەشاخ بوون و قوربانیان داوە
فازڵ میرانی: ئەرکیان لەسەر شانە، بەڵام ناتوانن ئەو ئەرکە ئەنجام بدەن، ئەو ئازادییەی ئەو باسی دەکات، خۆزگە ئەو ئازادییە بۆ ئەندامان دامەزرێنەرانی یەکێتی کە لە شاخبوون و لەنێو یەکێتی و لەپێناو یەکێتی بەساڵداچوونە ، ئەوجا ئەوەی چاوی کزبووە و یان ئەوەی سەری سپی بووە، یاخود شەهیدبووە ئەو ئازادییە هەبووایە، بۆ ئەوەی لە ئەم بابەتەیان باسبکردبووایە.
کوردستان24: یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم پڕۆژەی ڕووناکییە، کە ئێستا نزیکەی 4 ملیۆن و نیو کەس لێی سوودمەندبوون، بەڵام کاک بافڵ دەڵێت، نەیکەن بەدەستکەوتێکی گەورە بۆخۆیان ئەم غازە هی ئێمەیە و لای ئێمەیە، پێتوایە، غاز و نەوت موڵکی لایەنێکی سیاسییە یاخود هی خەڵکی کوردستانە؟
فازڵ میرانی: غاز و هەرچی لەژێر زەویدایە نە موڵکی پارتییە بە تەنیا و نە موڵکی یەکێتییە بە تەنیا، موڵکی ئێمەیە کە بەشێکبین لەم میللەت و لەم کوردستانە، ئەگەر نا ئەو دەرینەهێناوە و نەیدۆزیوەتەوە، هەروەها ئەویش بە تەنیا ناتوانێت پارێزگاری لێبکات ، لەبەر ئەوە ئەم موزایەدانە مرۆڤی عاقل نایکات، ئەمە دەستکەوتە و بە هەردوولامان کێشەی کارەبامان چارەسەر کردووە دەبێت دەستخۆشی لە یەکتر بکەین، وەزعی کارەبای ئێمە لە هی عێراق باشترە، ئەمە دەستکەوتە.براکەی ئەو جێگری سەرۆکی حکومەتە، بەشی ئەوانیشی تێدایە، چ عەیبێکی تێدایە ئەگەر بە میللەتی خۆمان بڵێین توانیمان لە کۆتاییدا کێشەیەک چارەسەر بکەین. بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن، لەم وڵاتەدا هیچ نەکراوە، تەنانەت هەندێک لە لایەنە ئیسلامییەکانیش وادەڵێن، پێیان دەڵێم فەرموودەیەکی سەحیح هەیە دەڵێت، "ويلٌ لأمة لا تقول للمحسن أحسن، ولا تقول لمسيءٌ أسأت" چی تێدایە ئەگەر بڵێن ، ئەم حکومەتە ئەمەی کردووە و ئەمەشی ماوە. جارێک ڕێگەی دهۆک بەردەڕەش، شێخان قیرتاو کرا، لە شوێنێک نووسیبوویان دوو مەتر کە جادەکە تاسەی تێدایە،کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئۆتۆمبێڵ، ئەو کات کاک نێچیرڤان سەرۆکی حکومەت بوو، گوتی، میللەتی ئێمە سەیرە 70 کیلۆمەترمان قیڕتاو کردووە، تاسەیەک دەبینن، بەڵام 70 مەتر قیرتاوکردنەکە نابینن.لەسەرووی هەموویەوە، نابێت ئەم زمانە زبرو بێ سلوکییە، نابێت ئەدەبیاتی کۆمەڵگەی کوردی بێت، ئێمە میللەتێکی بە ئەدەب و بە ڕەوشتین و خاوەن سلوکێکی تایبەتین و ڕێزمان هەیە، ئەمە لادانە لە ئادابی کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسی.
کوردستان24: دەڵێی ئێمە دەتوانین بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین، بەڵام لە دواجارە ڕەنگە یەکێتیش بەشداربێت، پرسیارەکە ئەوەیە دوای ئەم قسە زبرانە پێتوایە، دەبێت لە کۆبوونەوەباسی چی بکرێت
فازڵ میرانی: هەمیشە دەڵێم ناکرێت ئەسیری دوێنێ بین، پرسیارەک دێتە پێش بەرژەوەندی، ئەمنییەت و سەقامگیری ئەم میللەتە کاری لەپێشینەی ئێمەیە،یان قسە بە یەکتر گوتن، دیوێکی دیکە حەقە ئەوانەی قسەی زبر دەکەن و ڕەچاوی سلوک و ڕێز ناکەن، ئەو پەندە کوردییەیان بەبیر بێت، کە دەڵێت، شاخ بە شاخ ناکەوێت، بەڵام چاو بە چاو دەکەوێتەوە، ئەوانە دەبێت پرسیار بکەن، ئەو کەسانەی ئەو قسە ناشرین و بێ ئەدەبانە دەکەن، سبەی چۆن لە ڕوویان دێت لەگەڵ ئەو خەڵکە دابنیشن، کە قسەی ناڕێکیان بەرامبەر کردوون .
کوردستان24: لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەڵێت، تەنیا ئێمە قسەمان لە بەغدا دەڕوات و بەغدا تەنیا گوێ لە ئێمە دەگرێت، ئێوە وەکو پارتی لە بەغدا قسەتان ناڕوات و گوێتان لێناگیرێت.
فازڵ میرانی: ڕەنگە قسەی ئێمە و ئەوان جیاواز بێت، قسەی ئێمە نیشتمانپەروەری و لە بەرژەوەندیی کوردستان و فیدراڵی و پاراستنی ئەزموون و ڕابردووی ئەم گەلەیە، بە هی ئەوانیشەوە، من لەگەڵ ئەوەنیم قسەی ئێمە لە عێڕاق گوێی لێناگیرێت، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان هەیە، هەموو جارێک شاندی عێراقی کە دێن بۆ کوێ دەچن؟ ڕاستە ئەوان دەچنە بەغدا، بەڵام بەغدا دێتە لای جەنابی سەرۆک و دێتە لای سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم. شت دەبێت وەک خۆی ببینرێت، ئەم خەڵکە چاوی هەیە و عەقڵی هەیە. لە دوای ڕاپەڕین، لە دوای ڕیفراندۆم، کەناڵی یوتیڤی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ من کرد و گوتی وایە و چیتر جەنابی سەرۆک، سەرۆکی هەرێم نییە و کەس ڕووی لێ ناکات و نایەتە لای، پێشکەشکارەکە ناوی ئەحمەدە، پێمگوت، یەک مانگی تر یان شەش هەفتەی دیکە بەبیرت دەهێنمەوە، پێکهاتەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق هەموویان جارێکیتر ڕێزدەبنەوە و دێنەوە سەری بڵند، ئەگەر وا نەبوو من هیچ نازانم، بەڕاستی مانگێکی بەسەرچوو هەموویان هاتنەوە و تەلەفۆنی بۆ من کرد و گوتی بێم چاوپێکەوتنێکی دیکەت لەگەڵ بکەم ، گوتم من قسەی خۆم کردووە.
کوردستان24: لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان خاکفرۆشە و خاک بە تورکیا دەفرۆشێت، ئێوە خاکفرۆشن
فازڵ میرانی: حەزناکەم ئەم قسانە بکەم، بەڵام ناچارم دەکاتەوە( ناقل الكفر ليس بکافر) من دەڵێم، خاکفرۆشتن لە کەیەوە دەستیپێکرد، لە ساڵی 1964ەوە دەستیپێکرد، هەروەها کێ دەستیپێکرد، ئەو تێکۆشەرانەی خەڵکی سلێمانی خۆیان لەنێو شارەکان دەشاردەوە، من ناویان نابەم خوالێیانخۆشبێت، هەندێکیان شەهیدبوون، دەچوون لە ماڵ دەریان دەهێنان و ڕادەستی عێراقیان دەکرد و لەسێدارەیان دەدان، سواری دەبابە دەبوون و بە کردەی سەربازی خاکی کوردستانیان داگیر دەکرد و ڕادەستی عێراقیان دەکرد خاکفرۆشتن جیاوازی هەیە؟ جیاوازی لە کڕیار هەیە یان لە فرۆشیار.
کوردستان24: دەڵێت ئێوە ناتوانن سلێمانی بکڕن، پرسیار ئەمەیە ئێوە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان سلێمانی بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان نازانن و ناتانەوێت وەکو هەموو خاکی کوردستان خزمەتی بکەن.
فازڵ میرانی: سلێمانی، دەڵێ بەبیرم دێت سلێمانی کە دارولمولکی بابان بوو، نە مەحوکمی عەجەم، نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو.سلێمانی نە هی ئەوانە نە هی ئێمەیە، هی خەڵکی سلێمانییە. بەڵام یەک شت هەیە، ئێمە ئومێدمان دەکرد، ئەو زەمینەیەی بۆ ئەوان لە هەولێر ڕەخسێندراوە بۆ ئێمەش لە سلێمانی رەخسێندرابووایە، تا پێکەوە خزمەتی خەڵکی سلێمانیمان بکردایە. حەیفە سلێمانی بەشێوەیەک لە شێوەکان بەراورد بە دهۆک و هەولێر کەمتر خزمەتی کراوە، من ناڵێم هیچی تێدا بۆ نەکراوە ، لە سلێمانیش خزمەت کراوە، رێگاوبان کراون، پڕۆژەی ئاوی هەولێر و سلێمانی پێکەوە فەرمانەکانیان دەرچوو، هی هەولێر دوو جار تەواو بووە و ئێستا سلێمانی تەواو نەبووە، پڕۆژە هەیە دوو جار پارەی وەرگرتووە، جووتسایدی دووکان-سلێمانی هەر دوو شەقامەکە پانییان بە قەدەر یەکتر نییە،بابچین بەراوردی بکەن. لەبەر ئەوە مرۆڤ قەبر هەڵتەکێن نەبێت، مرۆڤ کە ماڵی لە شووشەبێت، نابێت بەرد لە ماڵی خەڵکی بگرێت.
کوردستان24: دەڵێت، دەوڵەمەند و بزنسمانەکانی هەولێر لە ترسی پارتی هەڵاتوون و هاتوونەتە سلێمانی و دەیانەوێت پڕۆژە بکەن.
فازڵ میران: با دوو ناوم بۆ بێنێت، بەڵام ئێمە چەند ناویان بۆ دێنین، کە خەڵکی سلێمانین و هاتوونەتە ئێرە، لە سایەی ئەم قسانە و ئەم عەقڵییەتە خەڵکی بزنسمانی هەولێر و سلێمانی چوون بۆ ئیمارات، بەشێکیان بۆ باشی و بەشێکیشیان وەکو کوردێک لەو بارودۆخە ڕازی نەبوون، ئەم برادەرە زانیاری نییە نە شارەزای مێژووە و نە جوگرافیا.
کوردستان24: دەڵێت با خەڵک بپرسێت، کێ کێشەی مووچەی دروستکرد و کێ چارەسەری کرد، ئایا ئێوە وەکو پارتی کێشەتان دروستکرد و ئەوان چارەسەریان کردووە.
فازڵ میرانی: کاک قوباد خۆی چەند جارێک سەرۆکی شاندی حکومەت بوو، ئەوان پڕۆژەی تەوتینیان قبووڵکرد، پێش ئێستاش دەیانگوت، ئەگەر ئێمە داوای مووچە لە عێراق بکەین، ئەوا عێراق مووچە دەنێرێت، دەفەرموون با عێراق مووچە بنێرێت، ئەگەر ڕاست دەکات، با بچێت مووچەی مانگەکانی 9-10-11 بهێنێت. من دەمتوانی مووچەی سلێمانی وەرگرین، بەڵام وەرمان نەگرت،من پێت دەڵێم، ڕاست ناکات، من و ئەو دەچینە لای عەبادی، لەکاتی ڕیفڕاندۆم ئەوان داوایان لە عەبادی کردبوو، مووچەی سلێمانی بنێرێت، بەڵام عەبادی ڕازی نەبوو، گوتبووی، ئەم داواکارییە پێچەوانەی دەستوورە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە و من وەکو سەرۆکوەزیران ناتوانم بڕیارێکی لەوشێوەیە بدەم، هەربۆیە دەڵێم ئەم برادەرە بێ ئاگایە و تەنیا قسە فڕێدەدات.
کوردستان24: دەڵێ کێشەکان لەگەڵ بەغدا پارتی دروستیکردووە
فازڵ میرانی: ئێمە کێشە دروستناکەین، ئەوەی لای ئەو کێشە نییە، لای ئێمە کێشەیەکی ستراتیژییە، ئێمە کێشەیەکی نەتەوەییمان هەیە و باری میللەتێکمان لەسەر شانە، ئێمە وەکو ئەونین تەنیا بۆ حزبێک کار بکەین، ئێمە بۆ میللەتێک کاردەکەین و ستراتیژییەتمان هەیە.
کوردستان24: سەرۆک بارزانی لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە کۆتایی قسەکانیداقەولێکی ئیمامی عەلی هێنایەوە، جەنابت زۆر شارەزای لەم بوارە، کە دەڵێت، ئەوەی دەسەڵاتی هەبوو نابێت زووڵم بکات، کاتێک چاوی دەنووقێنێت چاوی ستەملێکراو کراوەیە، هەروەها خوای گەورەش چاودێرە، دەمەوێت بزانم پەیامی سەرۆک لەم وتەیەی ئیمامی عەلی هەم بۆ ناوخۆی کوردستان و هەمیش بۆ عێراق چییە؟
فازڵ میرانی: پەیڕەوانی پێشەوامان محەممەد و ئەسحابەکان ڕەوشتیان پەیڕەوی لە قسەکانیان دەکات، بەڵێ خوا چاودێرە، بەڵام بە کاتی من و تو موحاسەبە ناکات و کاتەکە ئەو دیاری دەکات، ئەگەر هەموومان وەلەپێشی هەمووشمان حزبە ئیسلامییەکان، ئەگەر پەیڕەوی لە پڕۆگرامی حزبەکانمان بکەین 80٪ی کێشەکان نامێنێت.
کوردستان24: دەڵێ پارتی دیموکراتی کوردستان خیانەتیان لە ئێزدییەکان کرد و بازرگانی نەوتیشیان لەگەڵ داعشدا هەبوو. ئێوە خیانەتان لە ئێزدییەکان کرد؟
فازڵ میرانی: قسەیەکی کوردی هەیە، دەڵێ خائین خائین دەناسێت، ئەوان چۆن دەزانن ئێمە خائینین، ئەگەر خائین نەبن؟ گوتی یەکێک گوتی من تۆم لە فڵان شوێن بینی، گوتی باشە تۆ لەوێ چیت دەکرد؟ قسەی خیانەت ئەگەر باسی بکەین، خراپە بۆ مێژوو بچن، سەرچاوەی خیانەت لە 63 دەستی پێکرد، قەبری باپیریان هەڵدەنەوە دەزانێت کێ خیانەتی کردووە، ساڵی 1970 باپیریان هاتەوە لای مەلامستەفا و بەڕەحمەت بێت، مەلامستەفا پێیگوت، فڵان من خائین بووم یان تۆ ، گوتی ئەشهەدو من خائین بووم، با قسەی لەخۆی زیاتر نەکات، دەزانم هێرش دەکەنەسەرم، بەڵام با وانەکەن وەکو خۆیان قسە بکەین، قەبر هەڵدەتەکێنین.
کوردستان24: پێتوایە بۆچی لەم کاتەدا ئەم قسانە دەکات، هۆکاری چییە؟
فازڵ میرانی: بە بۆچوونی من کۆمەڵە مێرمنداڵێک پێیانخۆشە و پێی پێدەکەنن، وادەزانێت ئسلوبێکی باشی هەیە، من ئەگەر یەکێتیبم یەک ڕۆژ ناچمە کەمپەینی ئەو و چەپڵەشی بۆ لێنادەم، چونکە بەلاغی یەکێتی نازانێت، تەماشای بکە بزانە کێ چەپڵەی بۆ لێدەدات.
کوردستان24: دەڵێ کۆمەڵێک عەشیرەتیان کردووە بە جاش، کام عەشیرەتانە کراونەتە جاش.
فازڵ میرانی: ئەوانەی کردوومانەتە جاش، بێ ژمارەبوون، بەڵام هی ئەوان ژمارەیان هەبووە، جاشایەتی لەسەردەمی ئەوان دەستیپێکردووە و لەپێش ئەوان جاشایەتی علوج و بێ ژمارە بووە.
کوردستان24: دەڵێ ئێوە دەستتان بە هێرشکرد و من تەواوی دەکەم.
فازڵ میرانی: ئێمە و ئەوانیش رێککەوتبووین بەشێوەیەکی ئارام هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەببەین، هەڵبژاردن شێوەیەکە لەشێوەکانی دیموکراسی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕاستی دەبێت، میللەتی خۆمان لەسەر ڕەوشتی کوردایەتی ڕابێنینەوە، شتێکی ناشرینە پۆستەری کاندیدێک بدڕێنین، دەبێت کۆمەڵگەی خۆمان ڕابێنین، ئەم شتە نەکەن، نەوەک هەوڵبدەین ئەم شتانە بکەن، لە قسەکردنیش هەمان شت.ئەوەی دەکرێت پێچەوانەی بانگەشەی هەڵبژاردنە، گەرموگوڕی هەڵبژاردن ئەوەیە، لە جیاتی لافیتەیەک دەیان لافیتە هەڵواسی و چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە بکەی، نەوەک ئەوەی جوێن بە رکابەرەکەت بدەی.
کوردستان24: تەواوی لایەنە سیاسییەکان بە ئیسلامییەکانیشەوە ڕووی دەمیان لە پارتییە و بەبێ هەبوونی ئەم قەوارەیە دەتوانن هەبن؟
فازڵ میرانی: خۆمان بەبێ ئەم قەوارەیەمان بینی، هەر بەشێکمان لە شوێنێک بووین، بۆیە هەموومان بەرپرسین و بەشێک لەوانەی لەم هەرێمەن بە دروستبوونی ئەم قەوارەیە ماندوو نەبوونە، چ وەکو تاک یان وەکوو لایەنی سیاسی، دڵنیام ئەوانەی ئێستا هەن، لە پارتی و یەکێتیی باشترنابن.
کوردستان24: بافڵ تاڵەبانی دەڵێت ئەو پرۆژانەی کراون هەمووی بە پارەی دزی کراون، بەڵام ئەو پرۆژانەی ئێمە دەیکەین لەسەر حسابی گیرفانی خۆمان کردوومانە؟
فازڵ میرانی: ئەوەی گیرفانی لە کوێ هاتووە، خۆمان یەکتر دەناسین، لە کوێی هێناوە، بۆچی بە حکوومەت نادات بۆ دروستکردنی پرۆژە، ئەو پرۆژانەی ئێمە دەیکەین بەناوی حکوومەت دەیکەین، بۆچی ئەوان بەناوی خۆیان دەیکەن، داهاتی ئەم خەڵکەیە و برای جێگری سەرۆکی حکوومەتە، کاک مەسرور بارزانی داوایکردووە تیمێکی هاوبەش دروستبکرێت لە هەموو دەروازە سنوورییەکان، بەڵام بە ئاشکرا پێیان گوتراوە شەڕی ناوخۆ دروستدەبێت، قبووڵیان نەکرد و حەزناکەن، ئینجا یەکێک دەرزی لە چاوی هاوڕێیەکەی دەبینێت، بەڵام سوژن لە چاوی خۆی نابینێت، بۆیە پێویستە ئەم قسانە نەکەن و خۆیان ڕیسوا دەکەن، ئەم قسانە عەیبەن و خەڵک ڕاستییەکان دەزانێت، قسەکانی ئەقڵیەتی تێدانییە، دەڵێن هیچیان نەبوو و ئێستا هەمووشتێکیان هەیە، لە کاتێکدا خۆی کۆپتەری تایبەتی خۆی هەیە و لە هەموو دنیا قەسری هەیە.
کوردستان24:ئەوانیش بۆیان ماوەتەوە، وەک ئەوەی سەرۆکی حزبێکی ئیسلامی وای گوت؟
فازڵ میرانی: هەموومان دەزانین کێ کوڕی کێیە، هەموومان دەزانین باوکمان چی هەبووە، ئەوەی باوکمان هەبووە کە ئەوان باسی دەکەن دەزانن چی هەبووە، هەمیشە خەڵکێک ڕێزی گرتووە، ئەوانەی لەگەڵیشیبوون تاوەکوو مۆسکۆ ڕێزیان لێگرتووە، کە گەڕایەوەش بە سەربەزی گەڕایەوە، بەڵام ئەوانەی ئەوان کە گەڕانەوە بە زەلیلی گەڕانەوە، با خۆیان بەراورد نەکەن و سەریان لە شاخەکانی کوردستان نەدەن، لەوان زیاتر و لە نەوەکانیان باسی مەلا مستەفا بارزانی و نەوەکانی بکەن.
کوردستان24: کاک فازڵ، بە هەموو پێوەرێک دەبێت کابینەی 10 پێکبهێنرێت، ئێوە پێتان وایە ئەو کێشانەی لە کابینەی نۆیەم هەبوو دەبێت لە کابینەی نوێ بنبڕبکرێت، ئەگەر نا کەس ناتوانێت بەشداربێت تێیدا؟
فازڵ میرانی: با بزانین ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق چیان بەسەر دێت و کێ دەبێتە سەرۆکی حکوومەتی عێراق، چونکە تا ڕادەیەک پەیوەندیمان بە بارودۆخی عێراقیشەوە هەیە.
کوردستان24: کاک فازڵ، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت ڕەحم بە کەس ناکەین، ئێوە چیتان کردووە ڕەحمتان پێ ناکەن؟
فازڵ میرانی: تکای لێناکەین و چی لەدەست دێت با بیکات، ئەو کێیە تا ڕەحمان پێ نەکات، ئێمەین ڕەحم بە خەڵک دەکەین، مێژوو شاهێدە.
کوردستان24: کاک فازڵ، گوتەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆنی دوو ئیدارەی لێ نایێت، ئێوە وەکوو پارتی دوو ئیدارەی قبووڵ دەکەن؟
فازڵ میرانی: من ناتوانم بڵێم دوو ئیدارەی، چونکە هەموومان دژی دوو ئیدارەیین، بەدڵی ئەوان نابێت، چونکە هەموومان خاوەن بڕیار نین، ئێمە لە مەریخ ناژین، بەڵکوو لە وڵاتێک دەژین ناوی عێراقە، سێ دراوسێمان هەن، کە هەموویان کوردی لێیە.
کوردستان24: هەر لەسەر قسەی جەنابت، ژمارەیەکی زۆری کۆنسوڵگەری لە هەرێمی کوردستان هەن، هەمووشیان گوێیان لە قسەکانی بووە، بەڕای بەڕێزت قسەکانیان چی دەبێت؟
فازڵ میرانی: هیچ کاردانەوەیان نابێت، چونکە هیچ حساب بۆ ئەم قسانەی ناکەن، لەمنی وەرگرە هیچ حسابی بۆ ناکەن و پێی پێدەکەنن، چونکە ئەقڵیەتییان ئەم قسانە قبووڵ ناکەت، کەسێک بانگەوازی فیدراڵییەت بکات و ئەم قسانەش بکات.
کوردستان24: هەموومان لەسەر ئەم خاکە ماندووبووین، بەشی زۆربەمان کوڕە شەهید و پێشمەرگەین، بەچ لۆژێکێک من پێم وابێت داگیرکار لەمن باشترە و هەوڵبدەم بە شان و باڵیدا بدەم، خەڵک ئەمەی پێ قبووڵە؟
فازڵ میرانی: خەڵک پێی قبووڵ نییە، ئەوانەیان پێ قبووڵە کە پێشینەی ئەو کارەیان هەیە.
کوردستان24: پێتان وایە پێشمەرگە دێرینەکان هەڵوێستیان نابێت یاخود بەمجۆرە یەکێتیی بەرەو هەڵدێر ناچێت؟
فازڵ میرانی: ئەوە بابەتێکی ناوخۆیی حزبییە ناتوانم قسەی لەسەر بکەم، کاتێک لەگەڵ یەکتر دادەنیشین هەموو قسەیەک دەکەین، بەڵام ببورە بۆتۆی باسناکەم.
کوردستان24: کەواتە چارەسەر چییە؟ دواجار دەبێت لەگەڵ یەکیتر دابنیشن.
فازڵ میرانی: حزبەکان ناتوانن یەکتر بسڕنەوە، لە مێژە یەکێتیی حەزدەکات نە پارتی و مالی مەلا مستەفا هەبێت، ئەمە خەونی یەکێتییە لە ساڵی 1963وە، خەونێکی دێرینە.
پێشکەشکار: بەڵام دوێنی ئێوەی سڕییەوە.
فازڵ میرانی: ئەم قسانە مەهێنە ناو بازاڕەکە، ئەمە قسەی حەمە تەسکەیە، حەمە تەسکەیکمان هەبوو لە حاجی ئۆمەران، خۆی کردبوو بە مارشاڵ دەیگوت، حەز بە کچی شا دەکەم، بەڵام خەونی پارتیش بوو پارتی، یەکێتیی و مام جەلالیش نەمێنیت، خەونی کەسیان نەهاتە دی، ئەم خەونەی لە 1963وە هەیە نایەتەدی، لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندە.
کوردستان24: دواجار هەردەبێت لەگەڵ یەکێتیی پێکبێن؟
فازڵ میرانی: گوێتان لە دیداری کاک نێچیرڤان بارزانی بوو لەگەڵ کەناڵی ڕووداو، وەڵامی پرسیارەکەتی تێێدایە، من پەیڕەوی وەڵامەکانی دەکەم، جێگری سەرۆکی پارتیمانە و کوڕی کاک ئیدریسی ڕەحمەتییە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لەمن باشتر دەزانێت بەرژەوەندی لەکوێدایە، قسەکانی ناوبراو گوزارشت لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکات.
کوردستان24: کۆتا پەیامی ئێوە بۆ ئەندام و لایەنگرانی پارتی چییە؟
فازڵ میرانی: پەیام بۆ ئەوان نانێرم، بەڵکوو بۆ هەموومانە، دەبێت بەرژەوەندی خوێنی شەهیدان و تێکۆشەران بەرزتربکەین لە بەرژەوەندی حزبی و تاکە کەسی خۆمان، هەروەها دەبێت بە لۆژێکی وەفاداری بۆ ئەوان بیربکەینەوە بڕیار بدەین.
