هه‌ولێر.. سیسته‌مێكی زیره‌ك بۆ هۆبه‌ی فریاكه‌وتنی خێرا دروست كرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بەهەماهەنگی لەگەڵ  کۆمپانیای ڕامیگۆ بۆ خزمەتگوزاریی تاکسی خێرا، سیستەمێکی زیرەکی دروست کردووە بۆ پێزانینی  شوێنی پەیوەندیکردنی هاووڵاتیان و بەستنەوەی بە ژمارە '122'ـی هۆبەی فریاکەوتنی خێرا بۆ ناردنی نزیکترین ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن بۆ شوێنی مەبەست.

ئەم سیستەمە، دەبێتە هۆی خستنەڕووی باشتر گەیاندنی تیمی فریاگوزاری خێرای 122 بە خۆڕایی بۆ هاوڵاتیان.

سیستەمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، وەک زیادکردنی نەخۆشخانە، خزمەتگوزارییە خێراکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ. 

هێڵی گەرمی 122،  یەکێکە لە سەرەکیترین پەیوەندییە تەندروستییە خێراکان لە هەرێمی کوردستان، کە بۆ یەکەمجار لە هەولێر شێوازی کارکردنی دۆزینەوەی ناونیشان بە ئەلیکترۆنی کرا و بەهۆیەوە کارەکانی فریاکەوتن  و ناردنی ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری خێراتر و ئاسانتر دەکەن.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: ئەم سیستەمە، شێوازی فریاگوزاری بەهێزتر و خێراتر دەکات. بە ئاسانی شوێنی پەیوەندییەکە دەستنیشان دەکات و دەتوانرێت کاتی گەیشتنی تۆتۆمبیلی فریاگوزاری گەڕانەوەی بزانرێت.  

 هاووڵاتیان دەتوانن ئەپڵیکەیشنی ڕامیگۆ (RameeGo) دابەزێنن، لە هەر بارودۆخێکی لەناکاودا ڕاستەوخۆ  و بێبەرانبەر، داوای هاوکاریی تەندروستی بکەن تاکوو لە نزیکترین کاتدا ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری بگاتە لایان.

دلێر کەمال، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی ڕامیگۆ، دەڵێت: ئەم سیستەمە زۆر سەرکەوتووە، ئۆتۆمبیلەکانی فریاگوزاری بەبێ هیچ گرفتێک دەگەنە شوێنی مەبەست و هەر لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەوام لەگەڵ نەخۆشخانەکاندا لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدان.

بە دیجیتاڵکردنی دۆزینەوەی نەخشەی  چارەخواز دەبێتە وەچەرخانێک لە کارەکانی فریاگوزاری، لە ماوەیەکی نزیکدا  هەوڵ دەدرێت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا کاری پێ بکرێت. 

 ئەم سیستەمە، لە داهاتوودا دەبێتە سەرچاوەیەکی زانیاریی گرنگ بۆ زانینی شوێن و ژمارەی ڕووداوەکان و دەستنیشانکردنی هۆی ڕووداوەکان و دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ کەمکردنەوەیان.

 
 
Fly Erbil Advertisment