شارەوانیی هەولێر قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ڕاگەیاند

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان وردەکاریی دابەشکردنی قۆناغی چوارەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕاگەیاند.

دووشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ لە قۆناغی چوارەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، چوار هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا "ئەم هەنگاوە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە وەک پاداشتێک بۆ خۆڕاگریی فەرمانبەران."
 
ساسان عەونی گوتیشی: لەم قۆناغەدا چوار هەزار پارچە زەوی بە سەر فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دابەش دەکرێت، هەروەها پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی یەک فەرمانبەر مابێت زەوی وەربگرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە لەوەی "دوای ئەم قۆناغەش لە ڕۆژانی داهاتوودا، تیروپشک بۆ ناوی ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە تاوەکو ئێستا لیستی ناوەکانیان ڕانەگەینراوە" و دڵنیایی دا  لەوەی سەرجەم فەرمانبەران لەم  پرۆسەیەدا بە گوێرەی کارتی زانیاریی شوێنی نیستەجێبوونیان، پارچە زەوییەکی 200 مەتری وەردەگرن. 

لە سنووری پارێزگای هەولێر  70 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن؛ کە 35 هەزاریان سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرن و لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئەوانەشی ماون سوودمەند دەبن.

تاوکو ئێستاش 59 هەزار پارچە زەوی بە سەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە. 

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment