سەندیکای جیۆلۆجیان: پڕۆژەی ڕووناکی هەولێری لە پیسبوون ڕزگار کرد
سەندیکای جیۆلۆجیانی کوردستان لە ڕاپۆرتێکی زانستیی نوێدا ئاشکرایان کرد، پڕۆژەی ڕووناکی بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و ئەرێنی لە کواڵێتیی هەوای شاری هەولێردا و شارەکەی لە مەترسیی پیسبوون ڕزگار کردووە.
ڕاپۆرتەکە، لەلایەن چەندان پسپۆڕی بواری ژینگەوە ئامادە کراوە، بەراوردی نێوان دۆخی هەوای هەولێری کردووە لە کانوونی یەکەمی 2024، پێش پڕۆژەکە و تشرینی دووەمی 2025، دوای پڕۆژەکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، هەوای هەولێر بەهۆی کارکردنی هەزاران موەلیدەی گەڕەکەکانەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو پیس ببوو. ئاستی تەنۆلکە هەڵواسراوەکانی وەک PM₁₀ گەیشتبووە نزیکەی 128 مایکرۆگرام لە مەتری سێجادا، کە زۆر لە ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی 45مایکرۆگرام بەرزتر بوو، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان دروست کردبوو.
دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی و کوژانەوەی زۆربەی موەلیدەکان، داتاکان باشبوونێکی بەرچاو نیشان دەدەن: لەوانەش کەمبوونەوەی بەرچاوی تەنۆلکە هەڵواسراوەکان (PM): ڕێژەی PM₁₀ بە 79.6% و PM₂.₅ بە 76.7%، دابەزیوە، کە هەوای هەولێری لە ستانداردە جیهانییەکان نزیک کردووەتەوە. هەروەها نزیکبوونەوە لە سفر بۆ ماددە ژەهراوییەکان، ڕێژەی هایدرۆکاربۆنە زیانبەخشەکانی وەک TVOC و HCHO بە نزیکەی 99.9% کەم بووەتەوە.
ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن CO₂ بە ڕێژەی 23% دابەزیوە.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئەنجامانە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەوەی هەولێر لە "زۆنی مەترسیی پیسبوون" دەرچووە و ئێستا دانیشتووانەکەی هەوایەکی پاکتر هەڵدەمژن، کە ئەمەش مەترسیی هەناسەدان و دڵ کەمدەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، سەندیکاکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەردەوام بن لە چاودێریکردن و پشتگیریکردنی پڕۆژە ژینگەییەکانی دیکە بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتە گرنگە.
