بەڕێوەبەری نەخشەدانانی هەولێر: ئەمڕۆ دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن

 ساڵێکە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێ کردووە، لە سێ قۆناغی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا، لە سنووری پارێزگای هەولێر، نزیکەی  26 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە. لە بەردەوامی پرۆسەکەدا لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی وەرگیراوە و ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە دەتوانن سوودمەندبن لە وەرگرتنی زەوی.

دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025 شوکریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی هەولێر، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "ئامادەکارییەکان کۆتاییان پێهات و نزیکەی کاتژمێرێکی دیکە دەگاتە شارەوانی هەولێر و دواتر ڕادەگەیەندرێت."

 شوکریە عەباس گوتیشی: دوو هەزار پارچە زەوی لەم زۆنەی کە بۆ فەرمانبەران دابینکرابوو کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای هەولێر، لەسەر ڕێگای هەولێر- دهۆک  بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن و ئێمە پابەندین و تا ئەو کاتەی دوایین فەرمانبەر زەوی وەردەگرێت پرۆسەکە بەردەوام  دەبێت.

بەڕێوەبەری نەخشەدانانی هەولێر، ڕاشیگەیاند "پێویست بە نیگەرانی ناکات ئەگەر فەرمانبەر ناوی لەنێو ئەم لیستەشدا نەبوو، چونکە ئەوان قۆناغی پێنجەم و شەشەممیشیان هەیە و بێگومان هەر سوودمەند دەبن."  

شوکریە عەباس.  گوتیشی: دوێنێ 15هەزار پارچە زەویمان  لە سنووری، کەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتوو دابەش کرد و هەفتەی پێشووش دوو هەزار پارچە زەویمان لە سێبیران دابەش کرد."

 بەڕێوەبەری نەخشەدانانی هەولێر، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی:خەڵک چاودێریی شاشەی کوردستان24 بکات بۆ ڕاگەیاندی ناوەکان. دوو کاتژمێری دیکە بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، ناوەکان ڕادەگەیەنرێن."

لە سنووری هەولێر  70 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن؛ کە  35هەزاریان سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرن و لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئەوانی ماویشن سوودمەند دەبن.

 
Fly Erbil Advertisment