دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە کەناڵی بی بی سی دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا بە هۆی دەستکاریکردنی لێدوانێکی لەلایەن کەناڵی بی بی سی بەریتانییەوە، هەڕەشەی گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی لەو کەناڵە دەکات.

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی گەیاندووەتە کەناڵی بی بی سی و تێیدا داوای کردووە کەناڵەکە بە زووترین کات ئەو چەواشەکارییە ڕاست بکاتەوە کە بەرانبەری کردوویەتی ئەگەر نا ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر.

کەناڵی بی بی سی، لە دۆکیۆمێنتارییەکدا کە حەوت ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پەخشی کرد لێدوانێکی ترەمپیان شێواندووە، بە شێوەیەک دوو بەشی جیاوازی گوتارەکانی ترەمپیان بەیەکەوە بەستووە، کە وا دەردەکەوێت هانی شۆڕشگێڕانی کۆنگرێس لە کانوونی دووەمی 2021 دەدات، ئێستا کەناڵەکە تەنیا چوار ڕۆژ کاتی لەبەردەمە تاوەکوو ئەو چەواشەکارییە ڕاست بکاتەوە .

کەناڵی بی بی سی دانی بە هەڵەکەیدا ناوە، ئێستاش ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەتەوە، هەر بۆیە دوێنێ دوو لە بەڕێوەبەرانی کەناڵەکە بە ناوەکانی تیم دێڤی و دێبرا ترەنس دەستیان لە کار کێشایەوە، ئەگەر تا چوار ڕۆژی دیکە فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکە بە شێوەیەکی دروست بڵاونەکرێتەوە، پێویستە کەناڵی بی بی سی یەک ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بدات بە ترەمپ.

کەناڵی بی بی سی لەسەر بودجەی گشتی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت بۆیە سەمیر شا، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی کەناڵەکە لە نامەیەکدا داوای لێبوردنی لە ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا کردووە و ڕایگەیاندووە: بابەتەکە بە هەڵە لێکدراوەتەوە، بەڵام سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ وەڵامدانەوەی پەیامەکەی ترەمپ.

 
 
Fly Erbil Advertisment