موقتەدا سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات ڕۆژی دەنگدان لە ماڵەوە بمێننەوە و پەرستش بکەن
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە، ئەمڕۆ پەیامێکی نوێی ئاراستەی لایەنگرانی کرد و داوای لێکردن ڕۆژی دەنگدان وەک دەرفەتێک بۆ پەرستش و نزاکردن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان بەدوور بگرن لە چوونە دەرەوە، تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت.
لە پەیامەکەیدا، سەدر داوا لە هاوڵاتییان دەکات، ڕۆژی دەنگدان وەک ڕۆژێکی گوێڕایەڵیی خودا ببینن و تەرخانی بکەن بۆ پەرستش و نزاکردن و داوای لێخۆشبوون، جگە لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن.
ڕێبەری ڕەوتی شیعە ئامۆژگاری لایەنگرانی دەکات کە لە کاتی ناچاری زۆردا نەبێت، لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر کارێک یان دەرچوونێکی خێزانی، دەبێت دوای نوێژی مەغریب بێت، هەروەها داوای کردووە پابەندی هەر ڕێنماییەکی گشتی یان تایبەت بن و هۆشداری دەدات لە تێکدانی پڕۆسەی دیموکراسی دەنگدان، ئاماژە بەوەشدەکات کە ئەگەر پێویست بوو، دەبێت داوای یارمەتی لە هێزە ئەمنییەکان بکرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەدر داوا دەکات دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، هاوڵاتییان ڕوو بکەنە مزگەوتەکان، حسێنییەکان و کەنیسەکان بۆ پەرستش و سوپاسگوزاریی خودا، نزای سەرکەوتن و سەلامەتی بۆ سەرکردەکان بکرێت.
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە عێراق خۆی بۆ پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە دەکات و دەنگی جیاواز لەبارەی بەشداریکردن و بایکۆتکردنەوە هەیە، چاودێران پێیان وایە ئەم پەیامەی سەدر کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر شوێنکەوتووانی دەبێت.
