داعش چوار کەسی هۆزی ئەلبو عیسا لە ئەنبار دەڕفێنن
دووانیان برای یەکترن
K24 - هەولێر
چەکدارانی داعش چوار کەسیان لە هۆزی ئەلبو عیسا لە گوندی نازرە، نزیک قەزای روتبە لە رۆژئاوای ئەنبار رفاند و تائیستا چارەنووسیان دیارنییە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کەناڵی حورە، شەش چەکدار چوار کەسی هۆزی ئەلبو عیسایان رفاندووە، کە دوو لە رفێندراوەکان برای یەکدین. هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی حەشدی عەسائیری دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی چارەنووسیان.
رفاندنی ئەو چوار کەسە لەکاتێکدایە، هێرشێکی چەکداریی داعش بۆ سەر خاڵێکی سەربازی لە رۆژئاوای بەغدا، ئێوارەی رۆژەی یەکشەممە، کوژرانی 11 کەسی لێکەوتەوە و ئەو پرسیارەی وەبیر خەڵک هێنایەوە "ئایا هێزی رێکخراوی داعش و کاریگەریی لە عێراق چەندە؟".
پێش دوو هەفتە، چەکدارانی داعش ئەندازیارێکی عێراقییان رفاند، کە لە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کاریدەکرد، دواتر لە چەند وێنەیەکیان چۆنییەتی کوشتنیان بڵاوکردەوە.
ئەو رفاندن و هێرشانەی داعش لەکاتێکدان، لە ساڵی 2017 عێراق سەرکەوتنی تەواوی بەسەر رێکخراوی داعش راگەیاند، دوای شەڕێک کە سێ ساڵی خایاند، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا شانەی داعش لە زۆر شوێنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و رۆژهەڵاتی عێراق ماون و ناوە ناوە، هێرش دەکەن.
هـ.ر.