قادری حاجی عەلی كۆچی دوایی كرد

ماوەیەك لەمەوبەر تووشی كۆرۆنا بوو

K24 – ھەولێر

قادری حاجی عەلی، یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەھۆی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد.

بنەماڵەی قادری حاجی عەلی لە راگەیەندراوێكدا گیان لەدەستدانی قادری حاجی عەلی-یان بەھۆی كۆرۆنا راگەیاند و نووسیویانە: "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی مەرگی ناوەختی سەركردە و سوارچاكی شۆڕش و ورەو بەرەنگاربوونەوەی نادادی (قادری حاجی عەلی)  رادەگەیەنین، كە ( 2020/11/10 ) دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا".

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "گیان لەدەستدانی كاك قادری حاجی عەلی وەك سەركردەیەكی خۆنەویست و خۆشەویست و جێی متمانە و ئومێدی خەڵك و پشتیوانی ستەملێكراوان، سەركردەی دیار و سەربەخۆی گەلەكەمان، ئەسەف و خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەمووان".

قادری حاجی عەلی، ماوەیەك لەمەوبەر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، بەھۆی ناجێگیری باری تەندروستی لە نەخۆشخانە چارەسەری پێدەدرا.

قادری حاجی عەلی، ماوەیەك لەمەوبەر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، بەھۆی ناجێگیری باری تەندروستی لە نەخۆشخانە چارەسەری پێدەدرا.

قادر حاجی عەلی، لە ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایکبووە و کۆلێژی جیۆلۆجی تەواوکردووە، ساڵی 1980 چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە، لە تەمەنی 28 ساڵی بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجەدەرانی کوردستان، ساڵی 1994 دەزگای زانیاریی یەکێتی دامەزراندووە. ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە. ساڵانی  1998 بۆ 2000 کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە.

لە ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی دیكە لە جیابوونەوەیان لە یەكێتی راگەیاند و بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند. دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بەھۆی ناكۆكی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند.

قادر حاجی عەلی، لە 15/10/2020 تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، دوای 27 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەرەبەیانی 10/11/2020 لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی كۆچی دوایی كرد.