ئەمەریکا دوو لیوای پێشمەرگە پڕچەک دەکات

150 هەمەر و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلیشی پێشکەش کردن

K24 - هەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ هەردوو لیوای پیادەی 14 و 16ـی هێزەکانی پێشمەرگەی پڕچەک کرد، هەروەها چەندین جۆر ئۆتۆمبێلی سەربازیی گرانبەهای پێشکەش کردن.

لە مەراسیمێکدا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی میرەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ (سێشەممە، 10-11-2020) چەک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کران. ئەمەریکا هیواخوازە بەو یارمەتییەی، "وەزارەتی پێشمەرگە تەنانەت بەتواناتریش بێت لە ئێستا".

یارمەتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێکهاتوون لە 150 ئۆتۆمبێلی هەمەر، ژمارەیەکی زۆر چەک، ژمارەیەک بارهەڵگر کە ئەوانیش لە جۆری هەمەرن، ئەمانەش جگە لە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سووتەمەنی.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و جەنەراڵ جۆن تایکەرت، بەرپرسی باڵای سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە مەراسیمەکەدا گوتیاریان پێشکەش کرد.

ئەمە دووەمجارە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەمەریکا هاوکاری پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە بکات، جاری پێشوو هاوکارییەکان زیاتریش بوون. هەریەک لە لیواکانی: یەک و دوو پێشتر لەلایەن ئەمەریکاوە پڕچەک کراون، بڕیاریشە هاوپەیمانان لیواکانی: سێ، چوار، پێنج، شەش و حەوتیش پڕچەک بکەن.

ئێستا ژمارەیەک شۆفێر و پێشمەرگەی هەردوو لیوای 14 و 16ـی هێزی پێشمەرگە، کە ئەمڕۆ لیواکانیان هاوکارییان پێشکەش کرا، لە مەشقدان بۆ راهاتن لەسەر بەکارهێنانی چەک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان، کە بە نوێترین تەکەنەلۆژیای سەربازی بەرهەمهاتوون.

وەزیری پێشمەرگە: کورد و پێشمەرگە ئەم هاوکارییانە لەبیر ناکات

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانمانین، وڵاتێک کە هەمیشە بایەخی بۆ هێزی پێشمەرگە هەیە، دۆستایەتی گەلی کورد و ئەمەریکا بەو هاوکارییانە دەچێتە قۆناغێکی دیکە... هەمیشە بە شانازییەوە باسی دۆستایەتی کورد و ئەمەریکامان کردووە".

وەزیری پێشمەرگە دەڵێ "زرێپۆش، کەلوپەلی سەربازی بە ستانداردی سەربازیی سەردەم، دەبێتە دەرفەتێکی دیکەی گرنگ لەڕووی بەهێزکردنی هێزەکانمان... لە وەزارەتی پێشمەرگە، رۆڵی سوپای ئەمەریکا لە هەموو روویەکەوە بەرزدەنرخێنین، کار بۆ بەهێزکردن و بەردەوامیدان بەو هەماهەنگییە دەکەین، هەوڵی سوپای ئەمەریکا بە بایەخەوە سەیر دەکەین، کورد و پێشمەرگە ئەم هاوکارییانە لەبیر ناکات".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا وەزیری پێشمەرگە تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ عێراق و گوتی "هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئێستا لە گشت ئاستەکاندا پەیوەندیی باشیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و سوپای عێراقدا هەیە، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە کار بۆ باشترکردنی ئەو پەیوەندییانە دەکەین".

هەرچەندە دوای سێ ساڵ لە شەڕکردن، لە ساڵی 2017ـەوە کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق راگەیاندراوە، بەڵام بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان جموجۆڵی داعش زیادی کردووە، شۆڕش ئیسماعیل نەیشاردەوە "ئێستا، لە قۆناغێکی هەستیارداین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەست بە مەترسییەکانی داعش و بەهێزبوونەوەیان دەکەین".

جەنەراڵ جۆن تایکەرت: ئەو یارمەتییانە هێزی پێشمەرگە کاریگەرتریش دەکەن لە ئێستای

بەرپرسی باڵای سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە مەراسیمەکە گوتی "دوێنێ گفتوگۆیەکمان هەبوو و باسی ئەو هەماهەنگییەمان دەکرد، لەکاتێکدا خواردنی کوردی زۆر بەچێژ و بەتام بوو، ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە بەتام و چێژتریش بوو".

جەنەراڵ تایگەر باسی لەوەش کرد "ئەم جبەخانانەی میرە پڕن لە ئامێر، چەک، ئۆتۆمبێل و بێتەل کە وادەکەن وەزارەتی پێشمەرگە تەنانەت کاریگەرتریش بێت لە کاریگەرییەکەی ئێستای".

هەروەها گوتی "کاتێک ئەو چەک و جبەخانەیەی ئێمە پێشکەشمان کردوون، بەکاردەهێنرێن، ئەمانە نیشانەیەکی بەرجەستەکراوی پەیوەندیی قوڵ و درێژخایەنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. ئەو چەک و جبەخانانەی لەم میرەیەدا هەن، دەبنە هۆی بەهێزکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام هێزی لەبن نەهاتووی پێشمەرگە ئەو ژن و پیاوانەن، کە لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە بەکاریان دەهێنن".

 

هـ.ر.