لە میانمار موسڵمانێک بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرا

پەیمان دەدات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی پەیڕەوانی هەموو ئایینەکان تێبکۆشێت

 K24 - هەولێر

"دوای تێپەڕینی پێنج ساڵ بە بێ تەنانەت یەک پەرلەمانتاری موسڵمان، میانمار پێویستی بەوەیە کەسێک یارمەتیدەر بێت بۆ شەڕکردن لەبەرژەوەندیی کەمینە سەرکوتکراوەکان"، سیتو ماونگ لەکاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکەی، وای گوت.

لە کۆی 1100 کاندیدی حیزبی رابیتەی نیشتمانی (NLD) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی میانمار، تەنیا دوو کاندیدیان موسڵمان بوون، کە یەکێکیان سیتو ماونگ بوو و لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

موسڵمانان نزیکەی 4٪ـی کۆی دانیشتووانی میانمار پێکدەهێنن، بەڵام سەرکوت دەکرێن. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015ـی ئەو وڵاتە، حیزبەکەی سیتو ماونگ هیچ کاندیدێکی موسڵمانی نەبوو.

ماونگ هەستی بەوە کردووە سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، کاتێک لە بنکەی دەنگدان خەڵک بە گەرمییەوە بەرەوڕووی هاتوون و لەسەر بەڵکۆنی شوقەکانەوە بانگیان کردووە، بەڵام دەڵێ دڵخۆشییەکەی بەتایبەتی بۆ ئەوەیە 80٪ـی دەنگەکانی ئەو شوێنەی بەدەستهێناوە، کە خۆی تێدا کاندید کردووە.

هەرچەندە چاوەڕوان ناکرێت هەتاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەندرێت، بەڵام NLD دڵنیاییە لەوەی سەرکەوتنێکی بە جیاوازییەکی زۆر بەدەستهێناوە، بۆیە سەرەڕای پەتای کۆرۆنا، هەزاران لایەنگری ئەو حیزبە دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کردووە لەسەر شەقامەکان.

ماونگ جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەیەکسانی کاردەکەم بۆ پەیڕەوانی هەموو ئایینەکان، بەتایبەتی ئەوانەی جیاکارییان بەرامبەرکراوە و سەرکوت کراون و مافەکانیان لێ زەوت کراوە".

لە ساڵی 2017 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای میانمار، سەدان هەزار موسڵمانی رۆهینگیای ئاوارەکرد، بەهۆی ئەو تووندوتیژییانەشەوە، میانمار ئێستا تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆسایدی دراوەتەپاڵ.

هەتا ئێستا 600 هەزار موسڵمانی رۆهینگیا لە وڵات ماونەتەوە، بەڵام بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە رەوشێکی خراپدا دەژین. بەگشتی موسڵمانانی دیکەی وڵات کە رەچەڵەکیان جیایە لە رۆهینگییەکان، بەشێوەیەکی فەرمی لە وڵات قبوڵکراون، هەرچەندە ئەوانیش رووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە.

بەپێی دەزگای چاودێریی گرووپی قەیرانی جیهانی، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا 23٪ـی موسڵمانان کاندیدبوونیان بۆ پەرلەمانی میانمار رەتکراوەتەوە، لەبەرامبەردا تەنیا 0.3ـی پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە کاندیدبوونیان رەتکراوەتەوە.

Fly Erbil Advertisment