مەزڵووم عەبدی: پابەندین بە خێرا تێکەڵکردنەوەی هێزەکانمان لەگەڵ سوپای سووریا
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند، پابەندبوونی خۆی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردووەتەوە.
عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، دوای کۆبوونەوەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا کردووە و جارێکی دیکە جەختی لە پابەندبوونی بە خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا کردووەتەوە.
ئاماژەشیداوە، ئەندامبوونی سووریا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر بۆ ڕێکخستنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان و پاڵپشتی بۆ ئەو دەستپێشخەریانەی هەن لە پێناو کۆتایی هێنان بە ڕێکخراوی داعش و نەهێشتنی مەترسی و هەڕەشەکانی ئەو ڕێکخراوە لەسەر ناوچەکە.
هەر لە پەیامەکەیدا لە ئێکس، مەزڵووم عەبدی نووسیویەتی: بە پەرۆشەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان جددیتر و بە هەماهەنگییەکی بەهێزتر کار بۆ پێشکەوتن بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر دەکەین بۆ گەلەکەمان لە سووریایەکی یەکگرتوودا.
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا.
