ئێران لە ڕێگریکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەردەوامە
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاندووە لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاژانسەکەیان نەیتوانیوە پشکنین بۆ بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران ئەنجام بدات، داواش دەکات ئێران دەستبەجێ ڕێگە بە ئاژانسەکەیان بدات پشکنین ئەنجام بدات.
چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەستکەوتووە و کە تێیدا هاتووە، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، هیچ زانیارییەکی نوێیان لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆگاکراو لەو بنکە ئەتۆمییانەی لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل بۆردوومان کرابوون بەدەست نەگەیشتووە.
ڕافایل گرۆسی دەشڵێت: ڕێگرییەکانی ئێران لە چوونەژوورەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئەو بنکە ئەتۆمییانەی بەردەوامە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، داواشی لە تاران کردووە دەستبەجێ ڕێگە بە پشکنەرانیان بدات پشکنین بۆ بڕی یورانیۆمی پیتێنراو، ئەنجام بدەن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێویستە ئاژانسەکە بە زووترین کات بڕی یورانیۆمی پێتێنراوی ئێران لە کۆگاکاندا پشتڕاست بکاتەوە، چونکە ماوەیەکی زۆرە پشکنینەکانیان دواخراوە، هەروەها داوای کردووە ئێران پابەندی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکان بێت.
پێشتر گرۆسی ئاماژەی دابوو، ئاژانسەکەیان دەستی بە بنکەی ئەتۆمییە بۆردوومانکراوەکانی وەک فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، ناگات لەکتێکدا بەپێی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) پێویستە ئێران دەست لە ڕێگرییەکانی هەڵبگرێت، ئەگەر نا مافی ئەندامێتی لە ڕێکەوتنەکە نامێنێت.
دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، تاران هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵپەسارد؛ هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بە بەڵێنەکانی بەرانبەر ئاژانسەکە پابەندە، بەڵام ئەو دامەزراوانەی هێرشیان کراوەتە سەر بە هەماهەنگی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دوای تاوتوێ کردنیان بڕیاری تازەی لێ دەدرێت.
گوتیشی: ئێمە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی نائاسایی بووینەتەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەبێت لەم بارودۆخە تێبگات.
