ئەڵمانیا سیستەمی پاتریۆت و 150 سەرباز رەوانەی تورکیا دەکات
پاتریۆتی ئەڵمانی ئاسمانی تورکیا دەپارێزێت
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت و 150 سەرباز بۆ پاراستنی باڵی باشووری رۆژهەڵاتی ناتۆ رەوانەی تورکیا دەکات و جێگەی هێزەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی بەهێزکردنی باڵی باشووری رۆژهەڵاتی ناتۆ، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە رێکارەکانی ناردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت و نزیکەی 150 سەرباز بۆ تورکیا دەکەن.
ئەم هێزە بڕیارە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026دا بە فەرمی دەستبەکار بێت، جێگەی یەکە سەربازییەکانی ئێستای ئەمریکا دەگرێتەوە. ئەرکی ئەم هێزانە تا مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ لەژێر چەتری تۆڕی بەرگریی ناتۆ و بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای تورکیا بەردەوام دەبێت.
پیستۆریۆس جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە نیشانەی گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی زیاترە لەلایەن وڵاتەکەیەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی هاوپەیمانێتییەکە و بەرزکردنەوەی توانای بەرگری لە ناوچەکەدا.
تورکیا وەک ئەندامێکی گرنگی ناتۆ لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار داوای جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هاوپەیمانەکانی کردووە، بەتایبەت بەهۆی ناسەقامگیری لە سنوورە باشوورییەکانی.
ئەڵمانیا پێشتریش لە ساڵانی 2013 تا 2015 سیستەمی پاتریۆتی لە شاری مەڕەشی باکووری کوردستان جێگیر کردبوو.
گەڕانەوەی ئەم هێزانە لە ساڵی 2026دا لە چوارچێوەی ستراتیژی نوێی ناتۆ دێت بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتانی ئەندام لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی و گۆڕینی هێزەکان لە نێوان ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکەدا.