بەهۆی ئێرانەوە کۆمپانیایەکی هیندی 275 ملیۆن دۆلار سزادرا
کۆمپانیایەکی سەر بە ملیاردێری هیندی گۆتام ئەدانی، رەزامەندی دەربڕیوە بڕی 275 ملیۆن دۆلار وەک سزای دارایی بداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمەش بە ئامانجی داخستنی دۆسیەی پێشێلکردنی سزاکانی واشنتن بۆ سەر ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)، گەیشتووەتە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای "ئەدانی ئینتەرپرایزس" بۆ چارەسەرکردنی 32 پێشێلکاریی روونی سزاکانی سەر ئێران.
بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتەکە، پێشێلکارییەکان پەیوەندییان بە کڕینی گازی شلی (LPG) لە ئێرانەوە هەبووە لە ماوەی نێوان تشرینی دووەمی 2023 تاوەکو حوزەیرانی 2025.
لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، کۆمپانیاکە گازی شلی لە رێگەی وەبەرهێنەرێکی دوبەیەوە کڕیوە کە بانگەشەی ئەوەی کردووە گازەکە سەرچاوەکەی عومان و عێراقە، بەڵام نووسینگەی "ئۆفاک" ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبوو کۆمپانیاکە لەو نیشانانە تێبگەیشتایە کە دەریانخستووە گازەکە هی ئێرانە.
وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیای ئەدانی هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی کردووە و رەزامەندی دەربڕیوە جگە لە پارەکە، رێکاری توندی دیکە بگرێتەبەر بۆ پابەندبوون بە سزاکانی ئەمریکا لە داهاتوودا.
لە لایەکی دیکەوە و لە دۆسیەیەکی جیاوازدا، داواکارانی گشتی داوایان لە دادوەرێکی فیدراڵی کردووە تۆمەتەکانی سەر ئەدانی دەربارەی بەرتیلدان دابخەن. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ملیاردێرە هیندییەکە رەزامەندی دا 18 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو لە دۆسیەیەکی گەندەڵی شارستانی بدات بەبێ ئەوەی دان بە تاوانەکەدا بنێت.
ئەو دۆسیەیە پەیوەندیی بە تۆمەتی پێدانی 250 ملیۆن دۆلار بەرتیل بە بەرپرسانی هیندستان هەبوو بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستی گەورەی وزەی خۆر. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"یش بڵاویکردووەتەوە، پارێزەرانی ئەدانی پێشتر پێشنیازیان کردووە کە ئەگەر تۆمەتەکان لاببرێن، ئامادەن 10 ملیار دۆلار لە ئابووری ئەمریکادا وەبەرهێنان بکەن.
گرووپی ئەدانی یەکێکە لە گەورەترین ئیمپراتۆریەتە بازرگانییەکانی هیندستان و لە بوارەکانی بەندەر، وێستگەی وزە، چیمەنتۆ و میدیا کار دەکات. هیندستان خۆشی بە دووەم گەورەترین هاوردەکاری گازی شلی نەوتی لە جیهاندا دادەندرێت.