ئەمەریکا هۆشداریی دەداتە سووریا لە دروستبوونی شەڕی ناوخۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی ئێستای سووریا شکست بهێنێت، ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆیی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەگەر پرۆژەکەی حکوومەتی سووریا شکست بهێنێت، ئەوە سووریا تووشی شەڕێکی ناوخۆی سەرتاسەری دەبێتەوە."
مارکۆ ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا پابەندە بەوەی دەرفەتێک بە دیمەشق بدات بۆ ئەوەی لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا سەرکەوتوو بێت، چونکە بە پێچەوانەوە سووریا دەبێتە شوێنێکی نەگونجاو و سەکۆیەک بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان و گرووپە مەترسیدارەکانی دیکە لە ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، ئەگەر حکوومەت شکستی هێنا، شەڕێکی تەواو و نوێ لەو وڵاتە چاوەڕێمان دەکات.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە 10ـی تشرینی دووەمی 2025، بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن و دیدارێکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامدا و تاوتوێی پرسە جیاوازەکانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد.
لە ساڵی 2011ەوە دوای سەرهەڵدانی شۆرشی بەهاری عەرەبی کە لیبیا و یەمەن و میسر و تونسی گرتەوە، شۆڕشەکە گەیشتە سووریاش، دواتر شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی لە سووریا سەریهەڵدا کە نزیکەی 500 هەزار کەس کوژران، تاوەکوو 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕژێمی سووریا کۆتایی پێهات و بەشار ئەسەد و خانەوادەکەی ڕایانکردە ڕووسیا و وڵاتیان جێهێشت.
