هاووڵاتییانی عێراق کەمتر پارە لە بانک دادەنێن و زیاتر قەرز دەکەن
بانکی ناوەندیی عێراق ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە، ئامارەکە دابەزینی ڕێژەی پاشەکەوتی هاووڵاتییانی لە بانکەکاندا تۆمارکردووە. بەپێی ئامارەکە، لە مانگی ئەیلوولدا بڕی پارەی پاشەکەوتکراو لە بانکەکانی عێراق بە ڕێژەی 1.82% کەمیکردووە بەراورد بە مانگی ئاب.
بڕی پاشەکەوت لە 115.997 تریلیۆن دینارەوە بۆ 113.928 تریلیۆن دینار دابەزیوە. ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە قەرز و پێشینەی وەرگیراو لەلایەن هاووڵاتییان و لایەنەکانەوە لە بانکەکان بە ڕێژەی 0.57% زیادیکردووە. قەبارەی قەرزەکان لە 73.521 تریلیۆن دینارەوە لە مانگی ئابدا، بۆ 73.942 تریلیۆن دینار لە مانگی ئەیلوولدا بەرزبووەتەوە.
شارەزایانی ئابووری ئەم دابەزینەی پاشەکەوت بۆ کەمبوونەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە سیستەمی بانکی لە عێراق دەگەڕێننەوە.
چەندان هۆکاری مێژوویی و ئێستا لەپشت ئەم بێمتمانەییەوە هەن، لەوانە:
- ئەزموونی ڕابردوو: لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە سیستەمی بانکی لە عێراق زیانی زۆری بەرکەوت و دوای ساڵی 2003ش حاڵەتەکانی تاڵانکردنی بانکەکان ڕوویاندا، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی متمانە.
- گەندەڵی و نەبوونی شەفافییەت: گەندەڵی لە کەرتی بانکیدا وایکردووە هاووڵاتییان هەست بە دڵنیایی نەکەن لە کاتی سپاردنی پارەکانیان.
- لاوازیی خزمەتگوزارییەکان: خزمەتگوزارییە بانکییەکان، بەتایبەت لە بواری پارەدانی ئەلیکترۆنیدا، هێشتا لە ئاستێکی باشدانین و ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە هاووڵاتییان مامەڵە بە کاش بکەن.
- نەبوونی یاسای گەرەنتی پاشەکەوت: لە عێراقدا یاسایەک نییە گەرەنتی تەواوی پارەی پاشەکەوتکراوی هاووڵاتییان بکات لە ئەگەری مایەپووچبوونی بانکەکاندا، ئەمەش ترسی لای پاشەکەوتکەران دروستکردووە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، هەرچەندە هەوڵەکان بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی سیستەمی بانکی و پارەی ئەلیکترۆنی زیادیانکردووە، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی پاشەکەوتەکان نەبووە.
