گومانلێکراوێکی دزیی مۆزەخانەی لۆڤەر ئازاد کرا
نووسینگەی داواکاری گشتی لە پاریس، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2025 ڕایگەیاند: پۆلیس ئافرەتێکی گومانلێکراوی لە دۆسیەی دزیی مۆزەخانەی لۆڤەر ئازاد کردووە و خستوویەتییە ژێر چاودێرییەوە.
ئەم ئافرەتە یەکێکە لەو چوار کەسەی کە بە فەرمی خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو تاوانی دزییەی کە تێیدا دزەکان توانییان خشڵ و گەوهەری مێژوویی بە بەهای 102 ملیۆن دۆلار لە هۆڵی ئەپۆلۆ لە مۆزەخانەی لۆڤەر بدزن، کە شوێنی پاراستنی گەوهەرەکانی تاجی فەرەنسییە.
بەپێی بڕیاری دادگا، ئافرەتەکە ڕێگەی پێنادرێت فەرەنسا جێبهێڵێت.
مانگی ڕابردوو، دوو پیاو بە پلیکانێی کارەبایی تایبەت بە گواستنەوەی کەلوپەل بۆ نهۆمی دووەمی مۆزەخانەی لۆڤەر سەرکەوتن، پەنجەرەیەکیان شکاند، بە ئامێری کارەبایی بڕین، گەنجینەکانی نمایشکردنی گەوهەرەکانیان شکاند و دزیان، دواتر بە ماتۆڕسکیل هەڵاتن، کە دوو هاوکاری دیکەیان شۆفێرییان دەکرد، ئەم دزییە مێژووییە کەمتر لە حەوت خولەکی خایاند.
لۆر پیکۆ، داواکاری گشتی پاریس، سەرەتای ئەم مانگە ڕایگەیاندبوو، لێکۆڵەران تا ئێستا سێ پیاو و ئافرەتێکیان دەستگیر کردووە، کە هاوڕێی یەکترن لە دزییەکەدا، تا ئێستاش هیچ شوێنەوارێکی خشڵە دزراوەکان نییە.
