گرووپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر چەند گوندێک لە ناوچەی سەیدای سووریا
گرووپە چەکدارەکان بە هاوەن و چەکی مامناوەند چەند گوندێکی سەیدای ڕۆژهەڵاتی شاری دەرعایان بە ئامانج گرت و هێزە ئەمنییەکانی سووریاش وەڵامیان دانەوە.
ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی فەرمی سووریا(سانا) لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان بە هاوەن و چەکی مامناوەند هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی لووغا، تەل ئەقرەع، تەل حەدید و مەرعە لە ناوچەی سەیدای سووریا.
لەم بارەیەوە، سلێمان عەبدولباقی، بەڕێوەبەری ئاسایشی سەیدا، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندووە تاوانباران و میلیشیاکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ ڕۆژی سێیەم بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر ناوچەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی تێدایە لە پارێزگاکەدا، جەختی لەوەشکردەوە کە هێرشەکان وەڵامیان دەبێت.
هەروەها داوای لە هاووڵاتیان و ئەو گرووپانە کرد کە گرنگی بە پاراستنی خاکی خۆیان دەدەن، گوێ بە پرۆپاگەندە نەدەن کە باس لەوە دەکەن ئاسایش هێرش دەکاتە سەرتان، ئەم هەواڵانە درۆیە و ئێمە لە هەموو خاڵێکدا کە شەڕ ڕوو بدات ئاگادار دەبین.
ئەو پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخەکە بەردەوامن بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەری سەیدا لە فەیسبووک، هێزە حکوومییەکانی تۆمەتبار کردووە بە پێشێلکردنی ئاگربەست بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بووەتە هۆی پێکدادان.
ئەو ماڵپەرە ئاماژەی بەوە کردووە کە بارودۆخەکە ئێستا ئارامترە و هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی ڕایانگەیاندووە کە هەموو خاڵە بەرگرییەکانی خۆیان بەهێز کردووە و وەڵامی سەرچاوەکانی تەقە کردنەکە دەدەنەوە.
هەر بەپێی هەمان ماڵپەر، سەرچاوە پزیشکییەکان ڕەتیان کردووەتەوە کە هیچ بریندارێک لە ئەنجامی ئەم پێکدادانە گەیەندرابێتە نەخۆشخانە.
سەیدا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری دەرعا لە لووتکەی جۆلان لە باشووری سووریا و ژمارەی دانیشتووانی 24000 هاووڵاتییە و 100 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە.
