شاچاڕڵزی سێیه‌م یادی 76 ساڵه‌ی له‌دایکبوونی ده‌کاته‌وه
شاچاڕڵزی سێیه‌م، پادشای به‌ریتانیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، یادی 76 ساڵه‌ی له‌دایکبوونی ده‌کاته‌وه و به‌م بۆنه‌یه‌وه گه‌شتێک بۆ وێڵز دەکات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بابه‌ته خێزانییه‌کان و کێشه‌کانی برا بچووکه‌که‌ی(ئه‌ندرۆ)و هه‌واڵی نه‌خۆشییه‌که‌ی، دەووریان داوە، به‌ڵام بەردەوام بووە لە ئەرکەکەی و پەرەی بە ئەرکە دیپلۆماسییەکانی خۆی داوە.
له ماوه‌ی ڕابردوودا، شاچاڕڵز هەوڵیداوە بەوپەڕی لێهاتووییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکادا بکات، سهرچاوەکانی کۆشکی شاهانه باس له‌وه ده‌که‌ن که، دۆناڵد ترامپ له سه‌ردانه‌که‌ی بۆ به‌ریتانیا، هه‌وڵی زۆری داوه له‌وه‌ی هه‌موو ڕەفتارهکانی له‌گه‌ڵ پرۆتۆکۆلی شاهانه‌دا بگونجێت.
یه‌کێک له سه‌رکه‌وتنه دیپلۆماسییەکانی شاچاڕڵزی سێیه‌م بریتی بوو له نزیککردنه‌وه‌ی کڵێسا‌ی ئینگلته‌را و کڵێسا‌ی ڕۆم کاتۆلیک، که په‌یوه‌ندییه‌کانیان له ماوەی پێنج سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌م شێوه‌یه باش نه‌بووه، سه‌ردانه‌که‌ی شاچاڕڵز بۆ ڤاتیکان له مانگی ڕابردوودا و نوێژە هاوبه‌شه‌که‌ی له‌گه‌ڵ پاپا لیۆ، بە ساتێکی گرنگی مێژوویی وەسفکرا، چونکه یه‌که‌م نوێژی هاوبه‌ش بوو له‌نێوان پادشایه‌کی ئینگلیزی و پاپایه‌کی کاتۆلیک‌دا له دوای جیابوونه‌وه‌ی شا هێنری هه‌شته‌م له ڕۆما له ساڵی 1534.
پشتیوانیی سیمبولی بۆ که‌نه‌دا و چاککردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌ورووپا:
له ههنگاوێکی نائاسایی و پڕ واتا، شاچاڕڵز پشتیوانیی ئاشکرای خۆی بۆ که‌نه‌دا نیشاندا کاتێک له مانگی ئایاردا په‌رله‌مانی که‌نه‌دای کرده‌وه، ئه‌مه له کاتێکدا بوو که گرژی بازرگانی له‌نێوان که‌نه‌دا و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کاندا هه‌بوو، ترامپیش به‌رده‌وام خواستی خۆی بۆ لکاندنی که‌نه‌دا به وڵاته‌که‌یه‌وه ده‌ربڕیبوو.
هاوکات سه‌ردانه‌کانی شا بۆ فهڕەنسا و ئه‌ڵمانیا، که تێیدا به هه‌ردوو زمانی فهڕەنسی و ئه‌ڵمانی گوتاری بۆ په‌رله‌مانتاران پێشکه‌ش کرد، ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو له چاککردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌کانی، که به‌هۆی ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌کێتیی ئه‌ورووپا (برێکزت) زیانیان پێگه‌یشتبوو.
ئاسته‌نگه خێزانییه‌کان و سه‌رکه‌وتن:
هه‌رچه‌نده کێشه خێزانییه‌کانی وه‌ک دوورخستنه‌وه‌ی(ئه‌ندرۆ)له ژیانی گشتی به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌کانی سێکسییەکانی له‌گه‌ڵ جیفری ئیپستین، دوورکه‌وتنه‌وه‌ی هاری، کوڕە بچووکه‌که‌ی، هەروەها نیگه‌رانییه‌کان سەبارەت بە ته‌ندروستی شا دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، به‌ڵام شرۆڤه‌کارانی کار لەسەر دۆخی خێزانی شاهانه دەکەن پێیان وایه که سێ ساڵی یه‌که‌می حوکمی شاچاڕڵز باشتر له‌وه به‌ڕێوه‌چووه که زۆربه‌ی خه‌ڵک پێشبینییان ده‌کرد.
شاچاڕڵز زۆربه‌ی ژیانی له چاوه‌ڕوانی گرتنه‌ده‌ستی ته‌ختی پادشایه‌تی به‌سه‌ر برد، چونکه دایکی، شاژنه ئێلیزابێسی دووه‌م، بۆ ماوه‌ی 70 ساڵ، درێژترین ماوه‌ی حوکمی له مێژووی به‌ریتانیادا هه‌بوو، کاتێک له ئه‌یلوولی 2022دا بووه پادشا، هه‌ندێک چاو‌دێر پێیان وابوو که ئه‌و ته‌نها تا کاتێک کوڕە گه‌وره‌که‌ی، شازاده ویلیا‌م، و کێتی هاوسه‌ری سه‌رکردایه‌تی سیسته‌می پادشایه‌تی له داهاتوودا ده‌گرنه ده‌ست، ته‌نها پۆسته‌که به‌ڕێوه ده‌بات، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌م دواییه، به‌تایبه‌تی له بواری دیپلۆماسیدا، توانای ئه‌وی نیشانداوه له ئه‌نجامدانی ئه‌رکی پادشایه‌تی به شێوه‌یه‌کی زۆر باش.
