وڵاتانی ئەورووپا بۆ زیادکردنی هاوکاریی دارایی و سەربازیی بۆ ئۆکرانیا کۆدەبنەوە

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی 14ـی تشرینی دووەمی 2025،  بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەورووپا و کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ گفتوگۆ کردن لەبارەی زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا کۆدەبنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرتنەبەری ڕێکاری هاوبەش بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئەوروپا بەرامبەر بە مەترسییەکان دەکرێت.

لەدوای شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، تاوەکو ئێستا وڵاتانی ئەورووپا بە بڕی دەیان ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیان پێشکەش بە کیێڤ کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خاکەکەی بەرانبەر بە هێرشەکانی مۆسکۆ بکات.

لەماوەی رابردووشدا، وڵاتانی ئەورووپا ڕووسیایان بە هەوڵدان بۆ هێرش و داگیرکردنی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە تۆمەتبارکرد، لەبەرانبەردا ڤلادیمێر پووتن، سەرۆکی ڕووسیا لێدوانی بەرپرسانی ئەورووپای بە ناواقعی وەسفکرد و ڕایگەیاند، ڕووسیا هیچ کاتێک بیر لە داگیرکردنی وڵاتانی ئەوروپا ناکاتەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment