توێژینەوەیەکی نوێ کاریگەری کۆرۆنا لەسەر حاڵەتە دەروونییەکان ئاشکرا دەکات
کۆرۆنا چی بەسەر دەروونی مرۆڤدا دێنێت؟
K24- هەولێر:
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، 20% ئەو کەسانەی لە کۆرۆنا چاکدەبنەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دەروونی زیاد دەکات.
دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و خەوزڕان دیارترین ئەو حاڵەتە دەروونیانەن کە دووچاری ئەو کەسانە دەبن کە کۆرۆنا تێدەپەڕێنن، ئەمەش لەبەر ئەوەی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر مێشکی مرۆڤ دروست دەکات.
پاول هاریسۆن، پسپۆڕی دەرووناسی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، ئەوەمان ئاشکرا کرد، کۆرۆنا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان زیاد دەکات.
دەشڵێت، زۆر گرنگە ئەم راستییە پزیشکان بیزانن و کاری جددی بۆ بکەن.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری لانسێت سایکایەتری بڵاوکراوەتەوە و تێیدا تۆماری 62 هەزار نەخۆشی کۆرۆنا توێژینەوەی لەسەرکراوە.
توێژینەوەکە ئەوەی ئاشکراکردووە، لە ماوەی 90 رۆژی دوای چاکبوونەوەکە، خەڵکی تووشی حاڵەتی جیاواز دەبن.
پاول دەڵێت، جیا لەوەی کۆرۆنا کاریگەری دەکاتە سەر مێشک، هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەمە هەیە، ئەوەیش ترسی زۆرە لە کۆرۆنا لە ماوەی تووشبوون.