حکوومەتی پاکستان پلانداڕێژەرانی تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئیسلام ئابادی دەستگیرکرد
حکوومەتی پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهەوڵ و کۆششی هێزە ئەمنییەکان توانیویانە چوار لەو کەسانە دەستگیربکەن، کە پلانداڕێژەری تەقینەوە خۆکوژییەکەی سێشەممەی رابردووی ئیسلام ئاباد بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی پاکستان، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، تەقینەوە خۆکوژییەکە لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان ئەنجامدراوە.
پێشتر حکوومەتی پاکستان هەریەک لە وڵاتانی هیند و بزووتنەوەی تاڵیانی ئەفغانستانی بە نانەوەی ئاژاوە و هەوڵی تێکدانی بارودۆخی ئەمنی وڵاتەکەی تۆمەتبار کردبوو.
سێشەممەی ڕابردوو تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ڕوویدا، کە بەهۆیەوە 12 کەس کوژران و 27ی دیکەش برینداربوون، دوای تەقینەوەکەش بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند.
