کۆریای باکوور: هەبوونی چەکی ئەتۆم باشترین بژاردەیە
وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور، سەرکۆنەی ڕاگەیەندراوی وڵاتانی 7Gی کرد، کە داوایان کردبوو، کۆریا دەستبەرداری تەواوی چەک و پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بێت،ڕاشیگەیاند، ، هەبوونی چەکی ئەتۆم باشترین بژاردەیە.
چۆی سوون هی، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرکۆنەی ڕاگەیەندراوی وڵاتانی 7Gی دەکەین، کە پێشێلکردنی دەستوور و سەروەری خاکی کۆریایە.
وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەشداوە، سیاسەتی وڵاتەکەی بە هەوڵ و لێدوانی وڵاتانی دەرەکی گۆڕانی بەسەردا نایەت و هەبوونی چەکی ئەتۆمیش باشترین بژاردەیە، بۆ ئەوەی بەرپەرچی دووژمنکارانەی وڵاتان و مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەمان بدەینەوە.
چوارشەممەی ڕابردوو وڵاتانی 7G لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی پڕۆگرامی ئەتۆمی کۆریای باکووریان کرد و داوایان کرد، پیۆنگ یانگ دەستبەرداری چەکی ئەتۆم و پڕۆگرامی مووشەکی پێشکەوتوو بێت.
