سەرۆکی ڤەنزوێلا لە سی ئێن ئێنەوە پەیامێک بۆ ترامپ دەنێرێت
لە چاوپێکەوتنێکی سەرنجڕاکێشدا لەگەڵ تۆڕی CNN، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، پەیامی ڕاستەوخۆی ئاراستەی گەلی ئەمریکا کرد و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕە بێ کۆتاییەکانی کرد کە ئەمریکا بۆ دەیان ساڵە تێوەگلاوە تێیدا، مادۆرۆ جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت لە هەر ڕێچکەیەکی پێکدادان لەگەڵ واشنتۆن دووربکەوێتەوە.
مادۆرۆ لە لێدوانەکەیدا بۆ تۆڕەکە گوتی: نا بۆ شەڕی بێ کۆتایی، نا بۆ شەڕی نادادپەروەرانە، نە لیبیایەکی دیکە و نە ئەفغانستانێکی دیکە.
کاتێک پرسیار لە مادۆرۆ کرا سەبارەت بە پەیامەکەی بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا، تەنیا بە دەستەواژەیەکی کورت، بەڵام بەڕوونی وەڵامی دایەوە و گوتی: پەیامەکەم بریتییە لە: بەڵێ بۆ ئاشتی، بەڵێ بۆ ئاشتی.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان بە تۆڕی CBS News یان ڕاگەیاندووە، سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ئەمریکا چەندین بژاردەی نوێیان بۆ ئۆپەراسیۆنی دژی ڤەنزوێلا پێشکەشی دۆناڵد ترامپ کردووە، لەوانەش سیناریۆی هێرشی زەمینی سنووردار.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، دانیشتنی نهێنی لە کۆشکی سپی بەڕێوەچووە کە پیت هیگسیت، وەزیری جەنگ و گاری کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش، تێیدا بەشداربوون، زانیارییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەم دانیشتنانە پێداچوونەوەبووە بە سیناریۆ سەربازییەکان دژی ڤەنزوێلا کە ئامانجیان پێگە و شوێنەکانی حکوومەتی مادۆرۆ بوون.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دانیشتنەکان هەڵسەنگاندنێک بووە بۆ تواناکانی سوپای ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ورد و دروست.
هەر بەپێی سەرچاوەکان، دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکا زانیاری پێویستیان سەبارەت بە پێکهاتەی سەربازی ڤەنزوێلا و ئامانجە ئەگەرییەکان پێشکەش بە ئیدارەکە کردووە، بەڵام تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، بەهۆی گەڕانەوەی لە گەشتێکی دەرەوەی وڵات بەشداری گفتوگۆکانی نەکردووە،مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەش، لە کەنەدا بووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت.
هاوکات لەگەڵ ئەم گفتوگۆیانەدا، ئەم هەفتەیە گرووپی کەشتی هەڵگری فڕۆکەی هێرشبەر (یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد) چووەتە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی باشووری ئەمریکا، بۆ ئەوەی بچێتە پاڵ هێزێک کە لەناوچەی دەریای کاریبی پێکهاتووە لە کەشتی وێرانکەر، فڕۆکەی جەنگی، یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت.
