بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل ترسیان لە هەبوونی ڕێککەوتنی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع هەیە

ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنوت بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سپی نیگەرانی لەلای بەرپرسانی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دروستکردووە و ترسیان لەوە هەیە، ترەمپ حکوومەتی ئیسرائیل ناچار بە کشانەوە لە بەرزاییەکانی جەبەل شێخ و چەند ناوچەیەکی سووریا بکات.

لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا هاتووە، بەرپرسانی دامەزراوە ئەمنییەکان داوایان لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، سازش لەسەر کشانەوە لە جەبەل شێخ نەکات و لەو ناوچانەی خاکی سووریا نەکشێتەوە.

ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنوت ئاماژەی بەوەشداوە، ترسی بەرپرسانی ئیسرائیل لەوەیە، کە دۆناڵد ترەمپ حکوومەتی ئیسرائیل ناچار بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ سووریا بکات، هەروەکو ئەوەی لە غەززە ڕوویدا.

ساڵی ڕابردوو، دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، سوپای ئیسرائیل چووە ناو خاکی ئەو وڵاتە و جەبەل شێخ و چەند ناوچەیەکی دیکەی کۆنترۆڵکرد، ئەمەش نیگەرانی حکوموەتی نوێی سووریای لێکەوتەوە و داوای لە ئەمەریکا و وڵاتان کرد، ئیسرائیل ناچار بە رێزگرتن لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات و کشانەوە لەنێو خاکی سووریا بکەن.

بەرزاییەکانی جەبەل شێخ، لە زنجیرە چیایەک پێکدێت کە چوار لوتکەی بەرزی لەخۆ گرتووە و دەکەوێتە نێوان وڵاتانی سوریا و لوبنان، هەروەها درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری ئوردن و فەلەستین، ئەو زنجیرە چیایانە گرینگی سیاسی، ئایینی، جوگرافی و نەتەوەیی ھەیە و زنجیرە چیایەکی ستراتیژییە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment