سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر دا گرت
میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، سوپای پاسداران کەشتییەکیی نەوتهەڵگری لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات دەستی بە سەر داگرتووە و ئاراستەی بەرەو ئێران گۆڕیوە، کۆمپانیای خاوەنداری کەشتییەکەش ڕایگەیاندووە، پەیوەندییان لەگەڵ کەشتییەکە پچڕاوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر بڵاوی کردووەتەوە، کەشتییەکە ناوی تالارایە و ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە، لە کاتێکدا بە بڕێکی زۆر نەوتەوە لە بەندەری خورفکانی شاریقەوە بەرەو سەنگاپوورە بە ڕێوە بووە، بەڵام لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.
هەر لەم بارەوە، ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکای بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی ئێران کەشتی تالارایان لە گەرووی هورمز ڕاگرتووە و بەرەو ئێرانیان بردووە.
ئاماژەشی داوە لە کاتی ڕووداوەکەدا درۆنێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بووە و ڕووداوەکەی بینیوە.
کۆمپانیایەکی کۆڵۆمبی کە خاوەنداری کەشتییەکە دەکات لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ هەینی 14ی تشرینی دووەمی 2025، پەیوەندییان لەگەڵ کەشتی تالارا کە بڕێکی زۆری سووتەمەنی تیدابووە، پچڕاوە.
هەروەها فەرماندەیی هێزی دەریایی ئەمەریکا، کە بنکەکەی لە بەحرەینە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ئاگاداری ڕووداوەکەن و چاودێری دۆخەکە دەکەن، ئاماژەی بەوەش داوە، کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ هیچ ڕێگرییەک مافی جووڵەیان لە ئاوە کراوەکاندا هەیە.
بەگوێڕەی ڕۆیتەرز، هیچ لایەنێکی فەرمی ئێران و ئیمارات تا ئێستا کاردانەوەیان نیشان نەداوە، تەنانەت بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئیمارات ئامادە نەبوون هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوە بۆ ڕۆیتەرز بدەن.
