تەقینەوەیەکی بەهێز پایتەختی سووریای هەژاند

گەڕەکی مەززە لە دیمەشق
گەڕەکی مەززە لە دیمەشق

میدیاکانی سووریا بڵاویان کردەوە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە گەڕەکی مەززە لە دیمەشق ڕووی داوە، تا ئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە.

درەنگانی ئەمشەو هەینی، 14ـی تشرینی دووەمی 2025، میدیاکانی سووریا بڵاویان کردەوە، لە گەڕەکی مەززە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، تەقینەوەیەکی بەهێز ڕووی داوە، ڕەنگە ئەو گەڕەکە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بە مووشەک کرابێتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا 'سانا'، ڕوودانی تەقینەوەکەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام هیچ ئاماژەی بە هۆکاری ڕووداوەکە نەکردووە. هاوکات باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.

بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵییە بیانییەکان ئاماژەی بەوە دەکەن، کە سێ تەقینەوە لە گەڕەکی مەززە ڕووی داوە، بەهۆی ئەوەی گەڕەکەکە چەندین دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی تێدایە، هەر ئەمەش وای کردووە بکرێتە ئامانج.

باسیان لەوەش کردووە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا ئافرەتێک گیانی لە دەست داوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون، هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، چەندین جار گەڕەکی مەززە لە دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکە بە مووشەک بە ئامانج گیراوە.

مەززە یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی دیمەشق و چەندین دامەزراوەی هەستیاری لێیە، وەک باڵیۆزخانەی وڵاتان، ناوەندی گرنگی ئەمنی، هەواڵگری و فڕۆکەخانەی سەربازی.

 
 
Fly Erbil Advertisment