بەریتانیا پێدانی مافی مانەوەی هەمیشەیی بە پەنابەران هەڵدەوەشێنێتەوە

لەندەن پایتەختی بەریتانیا
لەندەن پایتەختی بەریتانیا

پڕۆژە یاسایەک دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە مافی مانەوەی هەمیشەیی لە بەریتانیا هەڵدەگرێت و تەنیا مافی مانەوەی کاتی بەو کەسانە دەدات کە داوای مافی پەنابەری دەکەن.

شەبانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، بەم زووانە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پرۆژە یاسایەک پەسەند دەکرێت، تایبەتە بەو کەسانەی داوای مافی پەنابەری لە بەریتانیا دەکەن، بە گوێرەی پرۆژە یاساکە، ئەو کۆچبەرانەی ڕەزامەندی مانەوەیان پێدەدرێت، مافی پەنابەرێتیان پێ نادرێت تەنیا مانەوەی کاتی دەبێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لەوەتەی پارتی کرێکاران دەسەڵاتی گرتووەتە دەست نزیکەی 50 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەریتانیا دەرکراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە گۆڕانکارییە نوێیەکانیدا لە سیستەمی کۆچبەری و پەنابەریدا سوود لە ئەزموونی دانیمارک وەردەگرێت، کە یەکێک لە توندترین سیستەمەکانی پەنابەری هەیە لە کیشوەری ئەورووپا و توانیویەتی ژمارەی پەنابەران بگەیەنێتە نزمترین ئاست لە 40 ساڵی ڕابردوودا .

هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 37 هەزار کۆچبەری نایاسایی بە بەلەم لە فەرەنساوە چوونەتە بەریتانیا، ئەمساڵیش ڕێژەکە زیادی کردووە و بە گوێرەی دوایین ئامارەکان تا مانگی ئەم مانگە زیاتر لە 36 هەزار و 700 کۆچبەر بە بەلەم پەڕیونەتەوە بەریتانیا.

 
Fly Erbil Advertisment